لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا هه‌وڵی ساخته‌كاریی ده‌درێ

"سێ فەردە کارتی دەنگدان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دەستی بەسەردا گیراوە"

K24 - هه‌ولێر:

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆی تورکیادا، چەند هەوڵێکی ساختەکاریی ئاشکرا کراون و ئەنجوومی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش بەڵێنی لێکۆڵینەوە دەدات.

به‌ گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌،  له‌ شارۆچكه‌ی پرسوس (سروچ)ی سه‌ر به‌ پارێزگای ئورفه‌ له‌ باكووری كوردستان (باشووری رۆژئاوای توركیا) هەوڵێکی ساختەکاریی ئاشکرا کراوە و ئه‌و كه‌سه‌ی ڤیدیۆكه‌ی تۆمار كردووه‌ ده‌ڵێت: "به‌ر له‌ كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ده‌نگدان سندووقێكی ده‌نگدان له‌ بنكه‌كه‌ دانراوه‌ و تێیدا ده‌نگه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی ده‌سه‌ڵات دراون".

رۆژنامەی حوریەتی تورکی، لە زاری سادی کوڤەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرای کردووە،"ئەنجوومەن رێکارەکانی لێپێچینه‌وەی لە تۆمەتی ساختەرکاریی لە شاری پرسوس دەستپێکردووە".

هەروەها، پارتی گه‌لی کۆماریی تورکیا، جەهەپە، بەهۆی رێگریکردن و هێرشکردنە سەر چاودێرەکانییان لە شاری پرسوس، سکاڵایان تۆمارکردووە و داوای لێکۆڵینەوە دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، پۆلیسی تورکیا بە زەبری چەک، چوار فەردە کارتی دەنگدانی فەرمی لەناو ئۆتۆمبێلیک دەستگیرکردووە و سێ کەسیش بەتۆمەتی گواستنەوەی ئەو کارتانەی دەنگدان دەستگیرکراون.

بەهۆی گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیا، پارتە سیاسییەکان لە ململانێی تووندان تاکو بتوانن زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن.