مه‌سرور بارزانی ناوه‌ڕۆكی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ میونشن ده‌خاته‌ڕوو

"هیوادارین هاوكاری و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین"
kurdistan24.net

K24 - میونشن:

مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌مانه‌وێ هاوكاری و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی زیاتر بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.

له‌ كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ میونشن مه‌سرور بارزانی رایگەیاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كان چه‌ندین پرسی گرنگی ناوچه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیر و به‌رپرسانی باڵای وڵاتان تاووتوێ كرد.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، باسی مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشمان به‌ چڕی کرد هاوكات ره‌وشی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداشمان خسته‌ڕوو.

مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ داوه‌تی فه‌رمی به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن كردووه‌، كه‌ رۆژی هه‌ینی 15ی شوبات ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و رۆژی 17ی مانگیش كۆتایی دێت.

له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوو، مه‌سرور بارزانی، كۆمه‌ڵێك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی گرنگی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌نجامداوه‌ و تێیدا ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشی تاووتوێ كردووه‌.

ئ. م