هاووڵاتیان ته‌نها له‌ بۆنه‌ و جه‌ژنه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌

چ شتێك وایكردووه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاڵببنه‌وه‌؟
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

بۆنە و جەژنە نەتەوەییەکان رۆڵێکی گرنگیان ھەیە لە پتەوکردنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتیيەکان، ھاووڵاتیانیش بە گرنگيیەوە لە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دەڕوانن و ھیوادارن ئەم جەژنە ببێتە ھەوێنی پێکەوەژیانی زیاتر و تەبایی نێوان ھاووڵاتیان و حزبە سیاسییەکان.

لە نێو سەیرانگای دوکانەوە خێزانێکی چەند کەسی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی کۆبوونەتەوە، ئەوان دەڵێن ئەم جەژنەیان کردووه‌تە وێستەگەیەك بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوانیان و خۆشەویستی بۆ یەکتر دەردەبڕن.

سيڤان عیزەدین و خانەوادەکەی لە ھەولێرەوە ھاتوون بۆ سەیرانگای دوکان، ئەو دەڵێت: "ئه‌م جه‌ژنه‌ رۆڵێکی باشی ھەبووە لە کۆکردنەوەی بنه‌ماڵه‌كه‌م"، جه‌ژن و بۆنه‌كانیش به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كان کاتێكی خۆشتر بەیەکەوە بەسەر بەرن.

یەکێک لە ھێماکانی جەژنی نەورۆز نوێ بوونەوەیە ھاووڵاتیانیش ئەوە دوپات دەکەنەوە کە نەورۆز وێستگەیەکی زۆرباشە بۆ نوێ بونەوەی ئاشتی و پەیوەندیە کۆمەڵا یەتیەکان و بەدەمەوە ھاتنی یەکتر، داواش دەکەن حزبەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاوڵاتیان، نەورۆزو سەری ساڵی نوێی کوردی بکەنە دەسپێکی یەکڕیزی نێوانیان .

بەھۆی سەرقاڵی ژیان و کەمی دەرفەت بۆ کۆبوونەوەی خێزانەکان، بەشێك لە ھاووڵاتیان دەڵێن ئەو پەیوەندیيە کۆمەڵایەتیيە پتەوەی کە لە رابردوودا لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا برەوی ھەبووە، کەمێك کاڵبووه‌تەوە، بۆیە نەورۆز بەدەرفەت دەزانن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو پەیوەندیانەو ئاشتبونەوەی کۆمەڵایەتی.