بەغدا گوێ به‌ داواكانی كورد نادات

"هەرکەسێك دەنگ بەم پڕۆژە یاساییە بدات خائینە"
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 لە پەرلەمانی عێراق تەواو بوو، بەبێ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیەدا زیاد بکرێت، و داواکانی کوردیش جێبەجێ نەکرا و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بەپارێزگاکانی باکووری عێراق، ناوی هاتووە، ئێستا تەنها مۆڵەتی یەك هەفتە لە پێش کوردە تاوه‌كو لەگەڵ فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بگاتە رێکكەوتن، ئەگەر نا ئەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاری داوە پڕۆژە یاساکە بخاتە دەنگدانەوەو هەفتەی داهاتوو پەسەندی بکات.

عادل نووری، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "تا پێش كۆبوونەوەكە زۆرباش بوو، ھەموو پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا رێگریمان كرد لەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە بكرێت و تێپەڕێندرێ، بەڵام كاتێك بۆ پشوودان وەرگیرا، ھەندێك لە سەرۆك فراكسیۆنەكان پێیانوابوو كە ئێمە ھەقمان نەبێت و بخوێندرێتەوە".

لەنێو شیعەکانیشدا کەم نین ئەو دەنگانەی کە دژی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەن، کازم سەیادی، پەرلەمانتاری شیعە دەنگێکی بڵندی نێو پەرلەمانی عێراقە و دەڵێت" :هەرکەسێك دەنگ بەم پڕۆژە یاساییە بدات خائینە".

بەهەر شێوەیەک بێت سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، توانی خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاسایی بودجە بکات تێبینی فراکسیۆنەکانی وەرگرت، بەڵام پڕۆژه یاساکە نەخرایە دەنگدانەوەو مایەوە بۆ دانیشتنێکی دیکە.