بارزانی: پێشێلكردنی دەستوور و تێكدانی تەوافوق وای كرد گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات

سەرۆك بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند: " پێشێلكردنی دەستوور و تێكدانی تەوافوق و پارسەنگی و نەهێشتنی شەراكەت وای كرد كە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات".

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 14/2/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان، بارودۆخی سیاسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوخۆی كوردستانی بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە شیكردووەو ڕۆشنایی خستەسەر ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و باسی لەو هۆكارانە كرد كە هانی گەلی كوردستانی دا كە بەرەو ڕیفراندۆم هەنگاو بنێت".

سه‌رۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێشێلكردنی دەستوور و تێكدانی تەوافوق و پارسەنگی و نەهێشتنی شەراكەت وای كرد كە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات.

 لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵ و قوربانیدان و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا كە ڕێگەی لە سەركەوتنی پیلانی نەیاران گرتووە و هاوكێشەكانی بە قازانجی گەلی كوردستان شكاندووەتەوە. جەختیشی لە ئەرك و پێگەی ڕاستەقینەی پارلەمان لە ژیانی گەلی كوردستان كردەوە و پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش سازدانی هەڵبژاردنی بە باشترین ڕێگەچارە بۆ ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەم دا.

لە كۆبوونەوه‌كه‌دا ئامادەبووان لەبارەی بار و گوزەرانی خەڵك و پێشمەرگە و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم پێشنیاز و پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و كورتەیەكیان لەبارەی كار و چالاكییەكانی فراكسیۆن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان