سائيرون: له‌ دوو رۆژى داهاتوودا پرسى چه‌ند وه‌زاره‌تێك يه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌

پرسى هه‌ريه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى و ناوخۆ تا ئێستا يه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكى هاوپه‌يمانى سائيرون رايگه‌ياند، له‌ دوو رۆژى داهاتوودا پرسى چه‌ند وه‌زاره‌تێكى كابينه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى يه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌.

عه‌لا ره‌بيعى، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ كوتله‌ى هاوپه‌يمانى سائيرون رايگه‌ياند، پرسى هه‌ريه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى و ناوخۆ تا ئێستا يه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوو رۆژى داهاتوودا پرسى چه‌ند وه‌زاره‌تێكى حكومه‌تى نوێى عێراق يه‌كلا ده‌كرێنه‌وه‌.

سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، رايگه‌ياندبوو، پێويسته‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان په‌له‌ بكه‌ن له‌ يه‌كلا كردنه‌وه‌ى دۆسييه‌ى وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منييه‌كان.

له‌و باره‌يه‌وه‌ عه‌لا ره‌بيعى روونيكرده‌وه‌، هاوپه‌يمانييه‌كه‌ى چه‌ندين جار، داواى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌، هه‌ريه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى و ناوخۆ له‌ ململانێى سياسى نێوان كوتله‌ و هێزه‌ سياسييه‌كانى عێراق به‌ دوور بگرێت.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ده‌ستنيشانكردنى وه‌زيرى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ چاره‌سه‌رى زۆر ناكۆكى ده‌كات و رێگه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانى ململانێى ديكه‌ ده‌گرێت.