كه‌نه‌دا له‌سه‌ر مه‌شقپێكردنی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق: هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ وڵاته‌كه‌م هه‌یه‌

K24- هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی لەگه‌ڵ پاوڵ گیبارد, باڵیۆزی نوێی كەنەدا لە عێراق و نانسی بێڕ گێڕن, كونسوڵی كەنەدا لە هەولێر كۆبووەوە.

لە كۆبوونه‌وەکه‌دا باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی لە سەرۆك بارزانی كرد, جەختیشی كردەوە, هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخ و پێگەیەكی تایبەتی هەیە.

گیبارد ئاماژەی بە سیستەمیی سیاسی و ئەزموونی فیدڕاڵی كەنەدا كرد و داوای كرد, هاوكاری و پەیوەندیی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هەرێمی كوردستان لەبواری سیستەمی ئیداری, سیاسی, كاركردن بۆ یەكسانیی جێندەری و بەشداریی كارای ئافرەت پەرە پێ بدرێت.

باڵیۆزی كەنەدا خۆشحاڵیی خۆشی له‌ به‌شداریكردنی وڵاته‌كه‌ی شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ لە شەڕی دژی داعش نيشاندا و گوتیشی: وڵاتەكەی لە چوارچێوەی ناتۆ بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنان كردن بة هێزەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدای كرد, كە لەشەڕی دژی داعش هاوكاری و یارمەتییان پێشكەشی پێشمەرگە كردووە. سەرۆك بارزانی وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا دووپاتیشیكرده‌وه‌، لە هەرێمی كوردستان هیچ سەقفێك بۆ بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە دانەنراوە و بە پێویستی زانی ڕۆڵی ئافرەت لە هەموو بوارێكدا كاراتر بێت.

H.B