هێنده‌ی نه‌مابوو ڤایكینگه‌كه‌ی نه‌رویج به‌ چاره‌نووسی تایتانیك بگات

هێشتا له‌ ژێر مه‌ترسیدایه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای وه‌ستانی هه‌ر چوار بزوێنه‌ره‌كه‌ی، هێنده‌ی نه‌مابوو شه‌پۆله‌ به‌هێزه‌كانی ده‌ریا، ڤایكینگ سكای، كه‌ كه‌شتییه‌كی گه‌شتیاری گه‌وره‌ی نه‌رویجییه‌، به‌ چاره‌نووسی تایتانیك بگه‌یه‌نێت.

تیمه‌كانی فریاگوزاری ده‌ریایی، توانیان سێ له‌ بزوێنه‌ری كه‌شتییه‌كه‌ی بخه‌نه‌وه‌ كار و تاڕاده‌یه‌ك خۆی له‌به‌ر شه‌پۆله‌كان رابگرێت، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ بگاته‌وه‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی لێوه‌ی هاتووه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ئافتونبلادیت"ی سویدی، تا ئێستا له‌ كۆی هه‌زار و 300 سه‌رنشین، نزیكه‌ی 262یان رزگاركراون، تا ئێستاش هه‌ڵمه‌تی رزگاركردنییان به‌رده‌وامه‌.

تیمه‌كانی فریاگوزاری له‌ رێگه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌وه‌ سه‌رنشینان رزگار ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر هه‌لیكۆپته‌رێك جێگه‌ی 10 بۆ 15 كه‌سی هه‌یه‌ بیانگه‌یه‌نێته‌وه‌ وشكانی.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌، له‌ مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌دا بوونه‌ و تا ئێستاش مه‌ترسییه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه‌.

ئێستا كه‌شتییه‌كه‌ به‌هۆی شه‌پۆله‌ به‌هێزه‌كان، له‌ ده‌ریای رۆژئاوای نه‌رویج گیری خواردووه، وه‌ك له‌ ڤیدیۆكانیش ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ دیمه‌نه‌كانی ناو فیلمی تایتانیك ده‌چێت و كه‌لوپه‌له‌كانی ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری كه‌شتییه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون.