به وێنه... له ریاز خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا به‌شداری چالاكییه‌كانی قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌مریكی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ میلانیا تره‌مپ، خانمی یه‌كه‌می ئه‌مریكا، له ریازی پایته‌ختی سعوودیه، سه‌ردانی قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌مریكی كردووه.
له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ئه‌و قوتابخانه‌یه قسه‌ی كردووه‌و به‌شداری چالاكییه‌كانی كردوون.
میلانیا پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكه‌ونه رێ، گوتبووی" زۆر به په‌رۆشم له یه‌كه‌م سه‌رداندا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بچمه چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی".
به‌ڵام ئه‌و گه‌شته‌ی تره‌مپ، ته‌نها ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی به دیهێنانی خواسته‌كانی هاوژینه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكو چه‌ندین دۆسێی گرنگی په‌یوه‌ست به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای له خۆ گرتووه.
له‌وه‌ته‌ی چووه‌ته كۆشكی سپی، یه‌كه‌مجاره تره‌مپ و هاوژینه‌كه‌ی ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، یه‌كه‌مجاریشه سه‌رۆكێكی ئه‌مریكا كاتێك خاكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای جێهێشتووه، هاتووه‌ته وڵاتێكی عه‌ره‌بی و ئیسلامی.
میلانیاش له ریاز خۆشحاڵ دیته پێش چاو، به گوێره‌ی وێنه‌كانی، كاتێكی خۆشی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی ئه‌و قوتابخانه ئه‌مریكییه بردووه‌ته سه‌ر.