ئه‌مریكا له‌ توركیا نیگه‌رانه‌

تیله‌رسن بۆ چاوشئۆغڵو: ده‌بێت به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراو له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌كان بخاته‌ڕوو

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "ریكس تیله‌رسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، رۆژی چوارشه‌ممه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌ولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كردووه‌و ده‌رباره‌ی ده‌ستگیركردنی فه‌رمانبه‌رانی نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ لایه‌ن توركیا "نیگه‌رانی قووڵی" ئه‌مریكای به‌ توركیا راگه‌یاندووه‌".

هیزه‌ر نوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌وباره‌وه‌ ریاگه‌یاند: "تیله‌رسن نیگه‌رانی وڵاته‌كه‌ی به‌ هاوتا توركه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌و ده‌ستگیركردنی فه‌رمانبه‌رانی نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیای به‌ نیگه‌رانكردنی ئه‌مریكا ناوبردووه‌‌".

نوێرت ده‌ڵێت: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ توندی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی توركیا به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراو بۆ تۆمه‌تباركردنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی نێرده‌ی دیپلۆماسی ئه‌مریكا له‌ توركیا بخاته‌ روو".

به‌هۆی ده‌ستگیركردنی فه‌رمانبه‌رێك و ده‌ركردنی بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ فه‌رمانبه‌رێكی دیكه‌ی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئیستانبوڵ، په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێوان توركیا ئه‌مریكا كرژی تێكه‌وتووه‌و باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌و هۆیه‌وه‌ پێدانی ڤیزای به‌ هاو،ڵاتیانی توركیا راگرت.