دادگای فیدراڵی عێراق: ناتوانین لێپرسینەوە لەو پەرلەمانتارانە بكەین كە بەشداریان لە ریفراندۆم كردووە

دادگای فیدراڵی عێراق وەڵامی داواكەی پەرلەمان دەداتەوە

K24 - ھەولێر

دادگای فیدراڵی عێراق، وەڵامی داواكەی پەرلەمانی عێراقی دایەوە و رایدەگەیەنێت، كاری ئێمە نییە بڕیار لەسەر بەشداریكردنی ئەو پەرلەمانتارانە بدەین كە بەشداریان لە ریفراندۆم كردووە.

ئیاس سامۆك، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی دادگای فیدراڵی عێراق، وەڵامی نووسراوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دایەوە و رایگەیاند، بەگوێرەی بەند و ماددە دەستوورییەكان، كاری دادگای فیدراڵی نییە، را لەسەر بەشداریكردنی پەرلەمانتاران لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بدەین.

ھەروەھا گوتی: "بەگوێرەی دەستوور ناتوانین لێپێچینەوە لە پەرلەمانتاران بكەین".

دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشداری دەنگدانیان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا كرد، سەرۆكایەتی ئەنجومەن، داوایكرد، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش داوایەكی ئاراستەی دادگای فیدراڵی كرد.