عه‌بادی كه‌وته ته‌ڵه‌كه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، وه‌ك "كارتێكی براوه" ته‌ماشا ده‌كرا و زۆربه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق ده‌یانویست په‌یوه‌ندی به هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌وه بكه‌ن، به‌ڵام له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا بارودۆخه‌كه گۆڕاو ئێستا عه‌بادی كه‌وتووه‌ته هه‌ڵوێستێكی سه‌خته‌وه. به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كرد، ئێستاش به‌دوای هاوپه‌یمانی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت تا بۆ هه‌ڵبژاردن بچنه ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌وه.
چه‌ند زانیارییه‌كی سیاسی و لێكدانه‌وه‌ی چاودێران ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن كه "ئێران له پشت به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی نێوان عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی بووه، تا ئیحراجی بكات و به كاتێكی زۆر كه‌میش به‌هۆی كشانه‌وه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شده‌وه، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادی چۆڵ بكات. ئه‌وه‌ش به‌هۆی رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته بووه له‌گه‌ڵ نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق كه به‌رده‌وام عه‌بادی ده‌یه‌وێت له داوی مالیكی ده‌رچێت به‌هه‌ر رێگایه‌ك بووه.
به‌رپرسێكی نزیك له هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌كان به پێگه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه: "عه‌بادی پێشبینی پاشه‌كشه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی نه‌كردووه كه پاشتر هاوپه‌یمانێتی (الفتح المبين)ـنیان پێكهیناوه‌و زۆرینه‌ی ئه‌و گرووپ و ھێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی تێدا كۆبوونه‌ته‌وه تا به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن، چونكه ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گه‌وره‌یان بۆ عه‌بادی كردووه‌و ئه‌ویش پێیوابووه ده‌توانێت به‌لای خۆیدا رایانبكێشێت".
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت: "كارته‌كان ئاشكرابوون، چونكه ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی پێشتر به‌چاودێریی ئێران رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نووری مالیكی "ده‌وڵه‌تی یاسا" كردبوو، راكێشانی عه‌بادی بۆ په‌یمانبه‌ستن له‌گه‌ڵ حه‌شد و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدیش، گورزێكی به‌هێزی له عه‌بادی داوه‌و له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌بینرێت".
هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه كه له عه‌بادییه‌وه نزیكه ده‌ڵێت: "ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی هاوپه‌یمانی نیشتمانی، هه‌وڵی نێوه‌ندگیرییان له نێوان عه‌بادی و مالیكی داوه بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌كتریان نزیك بكه‌نه‌وه، به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ره‌تكردوووه‌ته‌وه و ده‌رگای له‌به‌رده‌م نێوه‌ندگیرییه‌كان داخستووه. چونكه ده‌یه‌وێت هه‌نگاو به ئاراسته‌ی ره‌وته‌كه‌ی سه‌در و هێزه مه‌ده‌نییه‌كانی سوننه‌ی عێراق بنێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئێستا عه‌بادی له رێگه‌ی دیدار و په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه له هه‌وڵدایه تا لێكنزیكبوونه‌وه رووبدات و بێنه ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌وه. به‌ڵام بابه‌ته‌كه هه‌روا ئاسان نییه، به‌تایبه‌تی پێشتر عه‌بادی له‌و ھێزانه خۆی به‌دوور گرت و رووه‌و حه‌شدی شه‌عبی هه‌نگاوی نا. ئه‌مڕۆش پاش كشانه‌وه‌ی حه‌شد ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ لایان، بۆیه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ئه‌و هێزانه رابكێشێت، ده‌بێت سازشیان بۆ بكات".
ئه‌و به‌رپرسه عێراقییه ده‌ڵێت: "به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه‌ی عه‌بادی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لایان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ نووری مالیكی نابه‌ستن، له‌وانه‌یه ئه‌وه ببێته ده‌رفه‌تێكی گونجاو تا سه‌ره‌نجام له‌گه‌ڵ عه‌بادی پێكه‌وه به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن".