ئه‌مریكا ئێران له عێراق بچووك ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له راپۆرتێكدا تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌ركی له پێشینه‌ی ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له عێراق، پاش ئه‌وه‌ی پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی هێزه ئه‌منییه‌كان دژی داعش كۆتایی هاتووه‌و "سه‌ركه‌وتنی كۆتایی" به‌سه‌ر داعش راگه‌یه‌نراوه.
له كاتێكدا عێراق ده‌یه‌وێت له ته‌پوتۆزی زیاتر له سێ ساڵ جه‌نگ سه‌رده‌ربێنێ و خۆی بته‌كێنێ و هه‌ناسه‌یه‌ك بدات، به‌ڵام ئه‌مریكا كاری له پێشینه‌ی خۆی بۆ ئه‌م قۆناغه دیاریكردووه كه له قاڵبدانی هه‌ژموونی ئێرانه له عێراق و به گوته‌ی دۆگڵاس سیلیمان، واشنتن ده‌یه‌وێت هاوكاری حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق بكات بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.
باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه كۆنترۆڵكرانه‌وه، ئێستا واشنتن سه‌رنج و بایه‌خی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و بونیاتنانه‌وه ده‌بێت، هه‌ژموونی ئێرانیش به كێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بینین".
سیلیمان گوتوویه‌تی: "ئێران زۆر به‌ئاسانی سه‌روه‌ری وڵاتانی دراوسێی پێشێل ده‌كات و هیچ رێزێكیان ناگرێت، ئێرانییه‌كان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هاوكاری حكومه‌تی عێراقیان كرد بۆ شكستهێنان به داعش، به‌ڵام نه‌مانبینی هیچ پاره‌یه‌ك بۆ هاوكاریی مرۆیی پێشكه‌ش بكه‌ن، كه‌سیش نه‌یبینی هیچ هاوكارییه‌ك بۆ پرۆگرامی سه‌قامگیریی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات پێشكه‌ش بكه‌ن".
نیویۆرك تایمز نوسیوویه‌تی "له دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2003 ئه‌مریكا عێراقی داگیركرد، ئێران توانی له رێگه‌ی پێكهاته‌ی شیعه مه‌زهه‌به‌كانه‌وه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێ، كاتێك ساڵی 2014 چه‌كدارانی داعش په‌لاماری ناوچه سوننه‌نشینه‌كانیاندا، ئێران پاڵپشتی میلیشیا شیعه‌كانی كرد و هاوكاری چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كرد كه سه‌رله‌نوێ هیزه چه‌كداراه‌كانی عێراقی تێدا رێكده‌خرایه‌وه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه "پاش ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش كۆتایی هاتووه، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی میلیشیاكانی عێراق و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات و بڕیاریداوه رێكاری توند به‌رامبه‌ر ئێران له عێراق په‌یڕه‌و بكات، جیا له‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ی له رێككه‌وتنی ناوكی لێكردووه‌و سزای توندی به‌سه‌ر سوپای پاسدارانی ئێران سه‌پاندووه".
ئێستا عێراق پێویستی به هاوكاری و پاڵپشتی ده‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه وێرانبووه‌كانی جه‌نگ بونیات بنێته‌وه و حكومه‌تی عێراقیش زیانه ماددییه‌كانی جه‌نگه‌كه به 100 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنێ، هێشتا نزیكه‌ی 3 ملیۆن عێراقی ئاواره‌ن و دوای چه‌ند مانگێك له كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شار و ناوچه‌كانیان هێشتا به‌هۆی خراپی ره‌وشی شار و گوند و ناوچه‌كانیانه‌وه نه‌یانتوانییوه بگه‌ڕێنه‌وه. ئیداره‌ی تره‌مپیش كه خه‌رجی وڵاته‌كه‌یان گه‌یشتووه‌ته زیاتر له 14 ملیار دۆلار له جه‌نگه‌كه‌دا، نیازیان نییه هه‌نگاوی هاوشێوه بۆ سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه وێرانبووه‌كان بنێن".
باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق ده‌ڵێت: "عێراق به قۆناغێكی ناڕه‌حه‌ت تێده‌په‌ڕێ، ئابووری وڵات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تێكچووه‌و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر به‌رۆكی گرتووه، پێموایه ده‌بێت عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی باش و پۆزه‌تیڤی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسیی هه‌بێت، ئێرانیش یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌یه. كۆششی ئه‌م دواییانه‌ی عێراقیش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سعوودیه و ئوردن، ئومێدێكی به ئه‌مریكا به‌خشیووه كه ئه‌و وڵاتانه ده‌توانن رۆڵێكیان له هه‌ستانه‌وه سه‌رپێی عێراق له‌و وێرانكارییه‌دا هه‌بێت".
نیویۆرك تایمز نوسیوویه‌تی "ئه‌مریكا هیوای ئه‌وه‌ی هه‌یه له رێگه‌ی پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانییه‌وه گرژی و كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی پێبێنێت. سیلیمان ده‌ڵێت: "ئه‌و رۆڵه‌ی ئێمه ده‌یبینین ئه‌گه‌ر دیاریكراویش بێت هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی هه‌ر دوو لایان بده‌ین پێكه‌وه به دانیشتن و گفتوگۆ بگه‌نه چاره‌سه‌ر، هه‌رچه‌نده بیرۆكه‌ی گفتوگۆ و دانووستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان هێشتا به‌كرده‌یی به‌رهه‌می نه‌بووه و بۆ كۆتاییهێنان به قه‌یرانه‌كان ده‌ستیپێنه‌كردووه".