حکومەتی عێراق دەیەوێت مووچەی ناشایستە ببڕێت

سەرووی 300 ھەزار کەس، لە دوو مووچە تاوەکو شەش مووچە وەردەگرن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونی داھاتی ناوخۆ، پێدەچێت حکومەتی عێراق نەتوانێت، بۆ مانگەکانی داھاتوو مووچەی فەرمانبەرانی بەتەواوی دابینبکات، بۆیە دەیەوێت مووچەی ناشایستە لە وڵاتەکەی بەتەواوی ببڕێت.

بەشێکی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕینی مووچە ناشایستەکان بەھۆی رێگریی لایەنە سیاسییەکان، بە کارێکی ئەستەم دەزانن.

سەرووی 300 ھەزار کەس لە عێراق، لە دوو مووچە تاوەکو شەش مووچە وەردەگرن، کۆی ئەو مووچە زیادانەش لە ساڵێکدا دەکاتە 18 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.

لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بڕیاری دا تەواوی مووچە ناشایستەکان ببرێت، بەڵام بەشێک لەو مووچە و خانەنشینی و پاداشتانە، لە پەرلەمان لە ساڵی 2006ـەوە یاسایان بۆ دەرکراوە و رێرەوی یاساییان بۆ دانراوە، ئەمەش لەمپەر لەبەردەم ھەوڵەکانی کازمی دروست دەکات.

محەمەدەمین فارس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 دەڵێ "هەندێک کەس لە عێراق دوو مووچەیان هەیە یان زیاتر لە دوو مووچە، بۆ نموونە ئەوانەی پێیان دەڵێن قوربانییانی رەفحە، لە یەک خێزاندا هەیە 21 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرن، واتا هەر کەسێک لەو خێزانە مووچەی تایبەتی خۆی هەیە، زۆرجار لەنێو پەرلەمان هەوڵدراوە و تەنانەت واژۆش کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو مووچە زیادانە ببڕێن، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، چونکە هەندێک حیزبی سیاسی پشتگیری (ئەو بندیوارانە) دەکەن".

بندیوار، لە مووچەیەک زیاتر، پاداشتە کەسییەکان، خانەنشینی نایاسایی و چەندین دەرماڵەی دیکە، بەرۆکی دارایی و بودجەی ساڵانەی عێراقیان گرتووە، کە بەشێک لە فراکسیۆنە شیعەکانی ناو پەرلەمان، پشتگیری لە بڕینیان ناکەن، ئەمەش ھێندەی دیکە بارگرانی خستووەتە سەر بودجەی گشتی وڵاتەکە و وایکردووە کورتھێنان لە بودجە رووبدات.

 

هـ.ر.