ئەمەریکا هیچ پلانێکی بۆ جەنگی ئێران نییە

"دەبێت بزانین مامەڵە لەگەڵ چیدا دەکەین"

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ھیچ پلانێكی سەربازیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران نییە.

گۆڤاری تایمزی ئەمەریكی لە زاری سێ فەرماندەی سەربازی ئەمەریكی کە بەشداری لە داڕشتنی پلان و چاودێریکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە کەنداو دەکەن گواستوویەتییەوە، هیچ پلانێکی راستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران كە ئەگەری جێبەجێكردنی ھەبێت نییە.

ئاماژەیان بەوەش كردووە لەو چوارچێوەیەدا ھیچ پلانێك نییە بۆ ناردنی ھێزی زۆرتر بۆ كەنداو بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئێران.

ئەو بەرپرسانە دەڵێن: "پلانێکی هاوشێوە پێویستی بەوەیە، مامەڵە لەگەڵ چ حاڵەتێکدا دەکەیت، ئایا ئامانجەکە خودی ئێران خۆیەتی یان میلیشیاکان؟ ئایا دووژمنەکە لە عێراقە یان سووریا یان شوێنێکی دیکە؟ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوە یان مووشک یان ھەڕەشەی ئەلیكترۆنی؟ ئایا بەڵگەی دروست هەیە کە هێرشەکە بە حکومەتی ئێران ببەستێتەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکەی ناو ئێران شەرعی بکات؟".

چەند جارێک باس لە هەڵگیرسانی جەنگ کراوە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام هەردوولا بەفەرمی رەتیدەکەنەوە جەنگ لە نێوانیان رووبدات.

H.J