پارچە زەوی بە كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەدرێت

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رازەمەندی دەربڕیووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، رەزامەندی دەربڕیووە، كە زیاتر لە 11 ھەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش بكرێت، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش وردەكاری دەخاتەڕوو.

مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بە رەزامەندی سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە تێكڕای دەنگ بڕیاردرا، پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش بكرێت".

وەزیری كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان روونیكردەوە: "بڕیاردراوە 11 ھەزار و 41 پارچە زەوی دابین بكرێت، كە 5 ھەزار و 69 بۆ راگیراوانی سیاسی و ئەنفالەكانە، ھەروەھا 3 ھەزار و 398 پارچە زەوی بۆ كەسوكاری شەھیدانی سەنگەر كە تائێستا سوودمەند نەبوونە و 2 ھەزار و 674 پارچە زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا مەحموود حاجی ساڵح رایگەیاند: "بەپێی ماددەی 132 دەستووری عێراق لەسەر حکوومەتی بەغدا پێویستە هاوکاری کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بکات".

ئەوەشی خستەڕوو: "بەگوێرەی ماددەکە دەبێت حکوومەتی بەغدا قەرەبووی زیانەکانی جینۆساید، ئەنفال و کیمابارانکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، كە قەرەبووی زیانەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردن بە 384 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت".

H.M