نێچیرڤان بارزانی پێداویستییه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هزری داعشی ده‌خاته‌ڕوو

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێم و باڵیۆزی نیوزله‌ند له‌ عێراق هاوكاری و پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی هاوكارییه‌كانی نیووزیله‌ندا له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا بۆ عێراق ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌ پێویستیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ڕووی هزریی، دابینكردنی ئاسایش، خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی، ده‌رفه‌تی كار و ئاوه‌دانكردنه‌وه، به‌ره‌وپێشبردنی‌ بواره‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری ده‌كات.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/9/2018  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ برادلی سویدن باڵیۆزی نیووزیله‌ندا له‌ عێراق، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو و پێویستیی سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى ڕابردوو و پێكه‌وه‌كاركردن و سه‌قامگیری، دووپات كرده‌ووه‌ته‌وه‌.

له‌و دیداره‌دا باڵیۆز سویدن، به‌شداریی وڵاته‌كه‌ی له‌ بواری مه‌شق و ڕاهێناندا له‌ شه‌ڕی دژی داعش و‌ پرۆسه‌ی تێكشكاندنی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی و هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك دوای شه‌ڕه‌كه‌ و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر سه‌قامگیریی هه‌یه‌، پوخته‌یه‌كی خستووه‌ته‌ڕوو و ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆیان".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌ به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كان، گرنگیدان به‌ داخوازییه‌كانی هاووڵاتیان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان و هاوكاری و پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێ كراوون.