وەزیرێكی ئیسرائیل داوا لە وڵاتەكەی دەكات پاڵپشتی سەربەخۆیی كوردستان بكات

"سایکس پیکۆ مافی كوردی نەپاراستووە"

K24 - ھەولێر

وەزیری راگەیاندنی ئیسرائیل داوا لە وڵاتەكەی دەكات پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات و رایدەگەیەنێت، پەیماننامەی سایكس پیكۆ مافی كوردی نەپاراستووە.

ئەیوب قەرە، وەزیری راگەیاندنی ئیسرائیل رایگەیاند، پەیماننامەی سایکس پیکۆ، مافی تەواوی پێکهاتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەپاراستووە، لە نێویاندا مافی چل ملیۆن کورد پێشێل كراوە.

وەزیری راگەیاندی ئیسرائیلی لە زنجیرە تویتێکدا لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەڵێ، ریفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراتی و دەربڕینی ئارەزووی گەلە.

 قەرە داوا لە حکومەتەکەی دەکات، بۆ وەڵامدانەوەی پشتیوانییەکانی ئێران بۆ هەریەکە لە حەماس، سووریا و تورکیا، پاڵپشتی لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکات.

حکومەتی ئیسرائیل پێشتر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا  کە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە دەرچوبوو، پاڵپستی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد.