سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا ده‌كرێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت لیژنەی یاسایی بۆ خولی پێنجەم ھەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی دانیشتنە ئاساییەکانی پەرلەمان بکەونە سەر پێی خۆیان، له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانیش پەرلەمانتارێكی پارتی ئاشکرای دەکات, یەکەم کاری داھاتوویان له په‌رله‌مان، چالاککردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمە، لە بەرامبه‌ریشدا، نوێنەرێکی تورکمان بە باشی دەزانێت, بێ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی ئەو پرسە نەھێندرێتە ناو دانیشتنەکانی پەرلەمان.
له‌مباره‌یه‌وه رێبوار بابكه‌یی، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا بكه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان ده‌نگ به كاندیدی ئێمه بۆ ئه‌و پۆسته بدرێت، كه نێچیرڤان بارزانییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "به‌گوێره‌ی گفتوگۆكانی نێوان پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان، بڕیار وایه بۆ ئه‌م قۆناغه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به خاوه‌نی ده‌ستوور، چونكه ده‌ستوور سیسته‌می سیاسی پێناسه ده‌كات".
هه‌ر تایبه‌ت به‌و پرسه، به‌شێك له فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بە باشی دەزانن، پرسی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، به‌بێ رێککەوتنی سیاسی نەھێندرێتە پەرلەمان، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئایدن مەعروف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، پێویسته رێككه‌وتنێكی سیاسی تۆكمه له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌بێت، به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی"، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌مه پرسێكی گرنگه و راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه".
ده‌سته‌ی سەرۆکایەتی په‌رله‌مان و فراکسیۆنەکان دەیانەوێت ھەڵبژاردنی لیژنەکان بە خێرایی ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی زوو ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمان تێپەرێندرێت و سەرۆکی ھەڵبژێردراو کاندیدیی لیستی زۆرینە بۆ پێک‌ھێنانی حکوومەت راسپێردرێت, تاوەکو لەو ماوە یاساییەی بۆی دانراوە کابینەکەی تەواو بکات و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
H.B