عەبادی: موژدەی سەركەوتنی یەكجارەكی رادەگەیەنین

"چەكدارانی داعش دەیانەوێت گەورەترین تاوان بەرامبەر بە دانیشتوانی رۆژئاوای مووسڵ ئەنجام بدەن"

K24 - ھەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق پێیوایە، کاتی راگەیاندنی سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر داعش نزیکبووەتەوە و بەمزووانە موژدەی کۆتاییهاتنی  رادەگەیێنن.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ چەند رێکخراوێکی خێرخوازی و مرۆیی لە بەغدا رایگەیاند، چەکدارانی چەكدارانی داعش دەیانەوێت گەورەترین تاوان بەرامبەر بە دانیشتوانی رۆژئاوای مووسڵ ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا هێزەکانی عێراق هەوڵ بۆ رزگارکردنی مرۆڤەکان دەدەن بەر لە رزگارکردنی خاک. ئاماژەی بەوەشدا، راگەیاندنی سەرکەوتنی یەکجارەکی نزیکبووەتەوە و بەمزووانە موژدەی سەرکەوتن بە عێراقییەکان رادەگەیێنن.

پێشتریش حەیدەر عەبادی رایگەیاندبوو، بەمزووانە رۆژئاوای مووسڵ کۆنترۆڵ دەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا شەڕ بەردەوامە.

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی پێشمەرگە و عێراقی دەستیپێكرد و لە سەرەتادا ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی دەروبەری مووسڵ بەتایبەتی لە باكوور و رۆژھەڵاتی شارەكە كۆنترۆڵكرد و رێگەی چوونە ناوەوەی ھێزەكانی عێراقیان بۆ ناو مووسڵ كردەوە.