یاسین مه‌ناف له راهێنه‌رایه‌تی نه‌ورۆز كشایه‌وه و شوێنگره‌وه‌شی ده‌ستنیشان كرا
دوای ئه‌نجامدانی 3 یاری له خولی نایابی كوردستان، یاسین مه‌ناف ده‌ستی له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی نه‌ورۆز كێشایه‌وه و به خێراییش شوێنگره‌وه‌ی ده‌ستنیشان كرا.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 20 شووباتی 2018، یاسین مه‌ناف له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بۆ پێكهاته‌ی یانه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه و ڕه‌تیشی كرده‌وه كه به‌هۆی ئه‌نجامه خراپه‌كانی یانه‌كه‌ی وازی له راهێنه‌رایه‌تی نه‌ورۆز هێنا بێت.
یاسین مه‌ناف به كوردستان24ـی راگه‌یاند به‌هۆی هه‌ندێك هۆكاری په‌یوه‌ست به یاریزانانی یانه‌كه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی داوه، گوتیشی: له داهاتوویه‌كی نزیك هه‌موو شتێك له باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م روونتر ده‌كه‌مه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، كوردستان24 زانیاری ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتووه كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كانی یانه‌ی نه‌ورۆز رووحیه‌تی بردنه‌وه‌یان تێدا نه‌ماوه و باكیان به ئه‌نجامه خراپه‌كانی یانه‌كه‌ی نه‌بووه، ئه‌مه‌ش یاسین مه‌نافی ناچار كردووه ده‌ستله‌كاریكێشێته‌وه و چیتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌ورۆز به‌رده‌وام نه‌بێت.
یاسین مه‌ناف پێشتر یاریزان و راهێنه‌ری سیروانی نوێ بووه و ئێستاش مامۆستای زانكۆیه و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرایه له بواری مه‌شقدانه‌وه‌ی تۆپی پێ و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی جۆری (B)ـی راهێنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تییه، دوو وه‌رز له‌مه‌وبه‌ر له شوێنی ئه‌رسه‌لان جه‌لال ئه‌ركی مه‌شق و راهێنانی یاه‌ی نه‌ورۆزی وه‌رگرت، ئه‌م وه‌رزه له كۆی 3 یاری، 2 یه‌كسانبوون و شكستێكی هاته ڕێ.
دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی یاسین مه‌ناف، كارگێرانی یانه‌ی نه‌ورۆز كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌یان كرد و راسته‌وخۆ سه‌فا نووری یاریزانی پێشووی یانه‌ی سلێمانیان به راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه ده‌ستنیشان كرد و پرسیار عه‌بدولره‌زاقیش كه ئه‌م وه‌رزه له یانه‌ی نه‌ورۆز ماڵئاوایی له یاریكردن كرد به یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری نه‌ورۆز ده‌ستنیشان كرا.