پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ لایەنەكان دابەش دەكات

"بێ متمانەی لەنێوان حكوومەت و ھاووڵاتیان دروستبووە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای سێ ساڵ لە پیادەکردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچە و ناڕەزایەتییەکانی فەرمانبەران، حکوومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانکاری لە سیستمی  پاشه‌كه‌وتی مووچە راگەیاند، هەندێك لە لایەنە سیاسیەکان بڕیارەکەی حکوومەت بە وەڵامی گونجاو نازانن و بەشێكی دیكەش پێیان وایە لە دوای چاکسازییەکەی حکوومەت، هەقە خۆپێشاندەران بچنەوە سەرکار و ژیان ئاسایی بکەنەوە.

عوسمان کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ھیچ متمانەیەك لەنێوان حكوومەت و ھاووڵاتیان نەماوە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو بێ متمانەیەدا باشترین پشتگیرییە بۆ بەردەوامی خۆپێشاندانەكان".

ھەر سەبارەت بە گۆڕانكاری لە سیستمی مووچە و خۆپێشاندانەكان، ئومێد قەرەداخی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی ودادپەروەری دەڵێت: "بڕیاری حكوومەت لە دەستكاری كردنی مووچەی فەرمانبەران بە چارەسەری كێشەكان و وەڵامێكی دروستی خۆپێشاندەران نازانین، بەڵكو وەڵام و رێگەی راست بریتییە لە ھەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی مووچە".

حەسەن جەباری، ئەندامی لقی 4 پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "سەرۆكی حكوومەت و وەزیری دارایی گۆڕانكاریان لە سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران راگەیاندووە و بە راشكاوی گوتیان، ھەوڵدەدەن سیستمی پاشەكەوت نەھێڵن، بۆیە پێویستە خۆپێشاندەران بگەڕێنەوە سەر دەوام و ژیان ئاسایی بكەنەوە، بۆ ئەوەی زیاتر زیان بە ھاووڵاتیان و بەتایبەتی قوتابیان نەكەوێت".

دوای ناردنی بڕێك پارە لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستكاری كردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی راگەیاند، بەڵام ھێشتا لە بەشێك لە شارو شارۆچكەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە، خۆپێشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران دژی سیستمی پاشەكەوتی مووچە بەردەوامە.

ھ.م