هەرێمی فلاندەرز له‌ دژی رێوشوێنه‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ كوردستان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕێت

په‌یامێكی ناڕه‌زایی ده‌داته‌ باڵیۆزی عێراق له‌ به‌لجیكا

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی فلانده‌رزی به‌لجیكا، نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی ئاراسته‌ی حكوومه‌تی عێراق ده‌كات، له‌ دژی ئه‌و رێكارانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان، گرتوونیه‌ته‌ به‌ر.

لە ڕێکەوتی 7/12/2017 نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی حکومەتی هەرێمی فلاندەرز لە بەلجیکا، وێنەی نامەیەکی (خێرت بۆرژوا) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز-ی پێگەیشت کە ئاراستەی (جواد الهنداوی) باڵێوزی عێراق لە وڵاتی بەلجیکا کراوە.

نامەکە بە ئامانجی دەربڕینی ناڕەزایی حکوومەتی هەرێمی فلاندەرزە سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکیشی بۆ خاتوو فێدریکا مۆگەرینی, بەرپرسی باڵای سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نێردراوە. ل

ە نامەکەدا سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز, دڵگرانی خۆی بەرامبەر بە کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2018 لە لایەن حکوومەتی عەبادی و داخستنی ئاسمانی هەرێمی هەرێم دەردەبڕێت و دەڵیت: ''ئەم هەنگاوانە کاریگەريی زۆریان لە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەروەها ناردنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی ناوخۆ کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن".

لە کۆتایی ناڕەزایینامەکەیدا،  خێرت بۆرژوا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز داوا دەکات, حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بەو ڕێوشوێنانەدا بکات'. 

لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا سوپاس و پێزانینی دەبڕی بەرامبەر هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا کە بەردەوام پشتگیری لە ڕووی سیاسی و مرۆیی یەوە لە هەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیەک پێشمەرگەی برینداری لە نەخۆشخانەکانی فلاندەرز چارەسەر کردووە.