رۆحانی بۆ تره‌مپ: یاری به كلكی شێر مه‌كه
K24 - هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران، هۆشداری توند ده‌داته ئه‌مه‌ریكا و په‌یامێكیش ئاراسته‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ده‌ڵێت: "یاری به كلكی شێر مه‌كه".
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی "ئیسنا"، رۆحانی له به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكاری وڵاته‌كه‌ی هۆشداری داوه‌ته ئه‌مه‌ریكا و گوتوویه‌تی: "ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا باش بزانێت، ئاشتی له‌گه‌ڵ ئێران ئاشتی راسته‌قینه‌یه، شه‌ڕیش له‌گه‌ڵ ئێران دایكی هه‌موو شه‌ڕه‌كانه".
رۆحانی له درێژه‌ی قسه‌كانیدا په‌یامێك بۆ تره‌مپ ده‌نێرێت و ده‌ڵێت: "به‌ڕێز تره‌مپ.. یاری به كلكی شێر مه‌كه، چونكه جگه له په‌شیمانی هیچ ئه‌نجامێكی دیكه‌ی نابێت".
ماوه‌یه‌كه ئه‌مه‌ریكا سزا ئابوورییه‌كانی له‌سه‌ر ئێران توندتر كردووه و ئێستا گه‌مارۆی خستووه‌ته سه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ش، به‌وه‌ش به‌های تومه‌نی ئێرانی هێنده‌ی دیكه دابه‌زینی تۆماركردووه.
ا. م