له‌ ناوچه‌كانی نێوان پارێزگای هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا حه‌شد ناچار به‌ پاشه‌كشێ ده‌كرێت

"ھێزەكانی سوپا ئەوەی لە توانای دا بێت دەیكات بۆ ئەوەی رووداوی ھاوشێوە دووبارە نەبنەوە"

K24 – ھەولێر:

سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، ھێزەكانی سوپا لە سەر سنووری نێوان پارێزگای نەینەوا و ھەولێر بڵاوبوونەوە دوای ئەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ھاوبەش ھێزەكانی یەكێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبیی ناچاركرد پاشەكشە بكەن بە درێژایی 10 كیلۆمەتر.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاست بەرز لە سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بە شەفەق نیوزی راگەیاند، "ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان چەكدارانی لیوای 30ی حەشدیان ناچاركرد لەو ناوچانەی نزیك سنووری پارێزگای ھەولێر پاشەكشەبكەن و دۆسییەكە رادەستی مغاویرانی سوپا بكەن".

سەرچاوەكە ئاماژەشیكرد، 15 خاڵی ئەمنی درووستدەكرێن و چەكدارانی فەوجی مغاویری سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا لەو ناوچانەی ھاوسنوور لەگەڵ پارێزگای ھەولێر لە ناوچەكانی رۆژھەڵاتی موووسڵ نیشتەجێدەكرێن.

سەرچاوەكە گوتیشی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان ھێزەكانی حەشدی شەعبیی ناچاركرد لەو بەرەیەدا پاشەكشەبكەن بە درێژایی 10 كیلۆمەتر و لە شوێنی ئەوان فەوجی مغاویر نیشتەجێكران تا دەگاتە دەورووبەری ناحیەی بەرتلە".

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، ھێزەكانی مغاویر لە رۆژی شەممەی رابردوویەوە لە شوێنە نوێیەكانیان نیشتەجێبوونە.

بڵاوبوونەوەی سوپا لەو ناوچانە دوای ئەو ھێرشە مووشەكییە دێت، كە لە كۆتایی مانگی رابردوو لەو ناوچەیە شەش مووشەك ئاراستەی  فڕۆكەخانەی ھەولێر كران.

لە لایەن خۆیەوە، سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمنی لە ناو فەوجی مغاویر رایگەیاند، "ئەم ئەركە زۆر ھەستیارە، چونكە ئەم ناوچەیە لە ماوەی رابردوودا خەریك بوو ببێتە مایەی قەیرانێكی سیاسی بەھۆی ئەو مووشەكانەی لێرەوە ئاراستەی هه‌رێمی كوردستان كران".

گوتیشی: "ھێزەكانی سوپا ئەوەی لە توانای دابێت دەیكات بۆ ئەوەی رووداوی ھاوشێوە دووبارە نەبنەوە".

سەرچاوەكە روونیشكردەوە، خاڵە ئەمنییەكان نزیكەی 15 كیلۆمترە لە نێوان دوا ھێڵی ھێزی پێشمەرگە و یەكەم ھێڵی چەكدارانی حەشد".

ئاماژەشیكرد، " گەڕان و خولانەوەی شەوانەیان بەشێوەیەكی رۆژانە بەرده‌وام دەبێت و دووربینی شەوانە بەكاردەھێنن بۆ چاودێریكردنی ھەموو ورده‌كارییەك بۆ رێگرتن لە ھەر ھەوڵێكی دیكەی ھەر لاینێك بێت، كە ھەوڵ بدا خاكی ھەرێم بكاتە ئامانج.