بارزانی و عەلاوی داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەكەن

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەكات

K24 - ھەولێر

لە دیدارێكدا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و شاندێكی ئیتیلافی نیشتیمانیی عێراق، داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێكرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی 9ـی 2017 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و شاندێكی ئیتیلافی نیشتیمانیی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و هەروەها شەڕی دژی تیرۆریستان و نیگەرانییەكان لەبارەی ئاییندەی موسڵ و قۆناغی دوای داعش تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی و هاوكێشە جۆراوجۆرەكان و ئەو تەحەدی و بەربەستانەی لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەن.

هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ڕیفراندۆم و داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا.