سەدر كۆتایی بە ناوچەی سەوز دێنێ

"نەخێر بۆ دیوارەكانی ناوچەی سەوز"

K24 - ھەولێر

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، جەخت لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ناوچەی سەوز دەكاتەوە و بە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی حكوومەتی داھاتووی عێراقی دەزانێت.

لە تویتێكدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، داوادەكات، حكوومەتی داھاتوو ناوچەی سەوز لە بەغدا ھەڵبوەشێنێتەوە. سەدر نوسیوویەتی "پێویستە لەسەر دەستەڵاتی جێبەجێكاری داھاتوو، كار لەسەر دامەزراندنی بنچینەكانی یەكسانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی بكات، نەوەك كۆشك و دیواری زیاتر دروستبكات، بۆیە نەخێر بۆ دیوارەكانی ناوچەی سەوز، نەخێر بۆ گەندەڵی".

ناوچەی سەوزی بەغدا، بارەگاكانی حكوومەت و پەرلەمان و باڵیۆزخانەی وڵاتان و زۆربەی دامو دەزگاكانی تێدا كۆبووەتەوە، بۆ پاراستنی ماڵی سەركردە و باڵیۆزخانە و بارەگا حكوومییەكان، ناوچەكە بە دیوار و بوونی ھێزی ئەمنی تۆكمە دەوردراوە، بەجۆرێك ناوچەی سەوز بە تەواوی لە بەغدا جیاكراوەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە 12 ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لیسته‌كه‌ی موقتەدا سەدر به‌ناوی "سائیرون" زۆرینەی دەنگەكانی عێراقی بە دەستھێنا و بووە خاوەن 54 كورسی پەرلەمانی، بەو پێوەرەش ئەگەری سەرۆك وەزیرانی داھاتووی عێراق لە رەوتەكەی خۆشی نەبێت دەبێت لەسەر داخوازی خۆی بێت.

ھ.م