بکوژی هاووڵاتییەکه‌ی هەڵەبجەی تازە دەستگیر کرا

دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکیشدا گیرا

K24 – سلێمانی:

لە هەڵەبجەی تازە، بکوژێک دوای پێنج کاتژمێر لە ئەنجامدانی تاوانەکەی، دەستگیر دەکرێت.

دوێنی یەکشەممە 26/05/2019، لە هەڵەبجەی تازە، هاووڵاتییەک بە ناوی (ع. ح. م) لە لایەن چەکدارێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پاتڕۆڵ، درایە بەردەستڕێژی گولـلە و کوژرا.

بە گوێرەی راگەیندراوێکی پۆلیسی سلێمانی: "بە کەمتر لە پێنج کاتژمێر، توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت".

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، جیا لە دەستگیرکردنی بکوژەکە، دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێل و دەمانچەی بکوژەکەدا گیراوە.

هەروەها پۆلیسی سلێمانی، هۆکاری رووداوەکەی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندەوە.

دەقی راگەیندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی:
شەوی ڕابردوو هێزەكانی بەشی پۆلیسی شارەزور تۆمەتباری ڕوداوی كوشتنەكەی هەڵەبجەی تازەیان دەستگیركرد .
ڕۆژی 26-5-2019 ، سەعات 4:05 خولەك لەهەڵەبجەی تازە دەستڕێژی گولە لە هاوڵاتی (ع ، م ، م )ی تەمەن 64 ساڵ كراو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و تۆمەتباری ڕوداوەكەش هەڵات .

هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو دوای چاودێرییەكی ورد و وەرگرتنەوەی ڤیدیۆی چەند كامێرایەكی چاودێری توانرا تۆمەتباری ڕوداوەكە كەبەرەو شاری سلێمانی هەڵاتبوو لەلایەن هەردوو بنكەی پۆلیسی شارەزورو وارماوا دەستگیربكرێت .
لەئێستادا تۆمەتبار ( ع ، م ، ف ) لەدایكبووی 1986 ، بەفەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكردووە .

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانی پۆلیس هۆكاری ڕوداوەكە پەیوەندی بەكێشەی كۆمەڵایەتییەوە هەبووە.

H.J