میلیشیاكانی ئێران ئاستەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانان دروست دەكەن

ھەسەدە: ھێرشمان بكرێتەسەر وەڵاممان دەبێت
kurdistan24.net

K24 - دێرەزوور

سوپای سووریا لە دێرەزوور بڵاوە بە ھێزەكانی دەكات، بۆ ئەوەی رۆژھەڵاتی فوڕات كۆنترۆڵ بكات و رێگە بۆ میلیشیاكانی ئێران بكاتەوە تا لە سەرسنووری عێراقەوە بچنە نێو سووریا، ئەمەش ھاوكاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) كە بۆ دەركردنی داعش لە ناوچە دەستیان پێكردووە، فەرماندەیەكی ھەسەدە رایدەگەیەنێت، ئەگەر لەلایەن سوپای سووریا و میلیشیاكانی ئێران ھێرشیان بكرێتەسەر وەڵامیان دەبێت و بەرگری دەكەن.

شێرگۆ حەسەكەیی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی "گه‌رده‌لوولى جزيره‌" بە كوردستان24 گوت: "ھاتنی میلیشیاكانی ئێران و سوپای سووریا بۆ ناوچە ھیچ گرنگ نییە، چونكە ئەو ناوچانەی ئەوان بۆی ھاتوون ئێمە لە دەست چەكدارانی داعش رزگارمان كردووە، بەڵام سوپای سووریا قایل نییە و ھێزێكی زۆریش لە میلیشیاكانی ئێران لە ناوچەكە ھەن".

لە ناوچە سنوورییەكان سووریا و عێراق چەندین ھێزی جیاواز ھەن وەك، ھێزەكانی ھاوپەیمانی دژی داعش و ھەسەدە و سوپای عێراق و رژێمی سووریا و حزبوڵڵا، ئێستا سوپای سووریا بە ھاوكاری میلیشیاكانی ئێران لەناوچەكە دەیانەوێت ئاستەنگ بخەنە بەردەم ھێرشەكانی ھەسەدە بۆسەر داعش".

لیلوا عەبدوڵڵا، گوتەبێژی فەرمی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور بە كوردستان24 گوت: "سوپای سووریا ھاتوونەتە ناوچەكە بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ ئۆپەراسیۆنی ئێمە دروست بكەن، بەڵام تائێستا ھیچ رووبەرووبوونەوەیەك نەبووە، لە ھەركاتێكدا كە ھێرشمان بكرێتە سەر بەرگری لە خۆمان دەكەین و وەڵاممان دەبێت".

پاش كۆنترۆڵكردنی بەشێك لەناوچەكە، ھێرشی ھێزەكانی سووریای دیموكرات بەناوی ئۆپەراسیۆنی "گه‌رده‌لوولى جزيره‌" بۆ وەدەرنانی داعش لەناوچەكە بەردەوامە، بە گوتەی فەرماندە سەربازییەكانی ھەسەدە تا ئێستا زیاتر لە 20 كیلۆمەتریان لە دەوروبەری رووباری فوڕات لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركردووە و گەمارۆی شاری ھەجینیان داوە كە بە خاڵێكی ستراتیژی ئەژمار دەكرێت.

ھ.م