له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ چالاكوانان له‌ فه‌یسبووك هه‌ڵمه‌تێك ده‌ستپێده‌كه‌ن

پشتگیری خۆیان بۆ مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆكی ده‌رده‌بڕن

K24 - هه‌ولێر:

چالاكوانان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، له‌گه‌ڵ دانانی وێنه‌یه‌ك، پشتگیری خۆیان بۆ مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆكی ده‌رده‌بڕن، كه‌ له‌ رۆژی هاوسه‌رگیری كچه‌ تاقانه‌كه‌یدا، گرتوویه‌تی‌.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و مامۆستا ئایینییه‌، له‌ رۆژی هاوسه‌رگیری كچه‌ تاقانه‌كه‌یدا، وێنه‌یه‌كی یادگاری گرتووه‌، به‌ڵام وه‌ك چالاكوانان باسی ده‌كه‌ن، له‌ هه‌ندێك لاپه‌ڕه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك "قسه‌ی نه‌شیاویان به‌ مامۆستا گوتووه‌ و شاڵاوێكی كوێرانه‌یان كردووه‌ته‌ سه‌ری".

مه‌شخه‌ڵ كه‌وڵۆسی نووسه‌ر و توێژەر له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبووك پشتگیری خۆی بۆ مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆكی ده‌ربڕیوه‌ و نووسیویه‌تی: "مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی، پیاوێکی سەنگینەو، ئەو وێنەیەش کەبڵاوی کردۆتەوە لەگەڵ کچە تاقانەکەیدایە.".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " زۆر بەداخەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان کردۆتە ئامرازێک بۆ شکاندنی کەرامەتی یەکتر.. بەداخەوە.".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "من بە ئەرکی ویژدانی خۆمم زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ هاوڕێکانم بڵاو بکەمەوە.. بەهیوای ئەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم وێنەیەوە بوختان و قسەی نەشیاویان بە مامۆستا گوت و، شاڵاوێکی کوێرانەیان کردە سەری، داوای لێبووردنی لێ بکەن.".

نوری بێخاڵی، نووسەر و رۆژنامەنووس له‌ باره‌ی ئه‌و "قسه‌ نه‌شیاوانه‌ی له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ كراون"، ده‌ڵێت: "لە بری دەستخۆشی و سوپاسگوزاری بۆ ئەو مامۆستا ئایینییە بەڕێزە کە بەشداری خۆشیی کچەکەی دەکات، لە ڕۆژگارێکدا کە نەک پیاوی ئایینی، تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری خوێندەوار و ڕۆشنبیری کورد، شەرم لەوە دەکەن بەشداری خۆشی و زەماوەندی خوشک و کچەکانیان بکەن، دەبووا ئەم هەڵوێستە جوان و مرۆڤ و ژیاندۆستییەی مامۆستا (تاهێر بامۆکی) بکرێتە نموونەی سەرمەشق بۆ باوک و کوڕانی کۆمەڵگاکەمان، نەک تیر و توانجی نەشیاوی تێبگرن و تۆمەتی بدەنەپاڵ.".