حكومه‌تى هه‌رێم: لێدوانه‌كانى عه‌بادى ده‌بنه هۆى ناسه‌قامگيرى و ته‌نيا پڕوپاگه‌نده‌ن
K24- هه‌ولێر:
سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كانى دوێنێ سێشه‌ممه 5/12/2017ى حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كه له كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه هه‌فتانه‌ییه‌كه‌یدا باسى له هه‌رێمى كوردستان كردبوو، سه‌فین دزه‌یى گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له لێدوانێكدا روونكردنه‌وه‌یه‌كی له ماڵپه‌ڕى حكوومه‌تى بڵاوكرده‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌یه:
عه‌بادى چه‌ندین جاره باسى ئه‌وه ده‌كات گوایه مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرێت و بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ریكى وردبوونه‌وه‌ن له لیسته‌كانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى، به‌ڵام وه‌ك پێشتریش گوتوومانه حكوومه‌تى فیدراڵ تا ئێستا هیچ لیستێكى له حكوومه‌تى هه‌رێمى داوا نه‌كردووه، بۆیه ئاگادار نین و نازانین ئه‌وانه كام لیستانه‌ن كه حكوومه‌ته‌كه‌ى به‌ڕێز عه‌بادى خه‌ریكى لێوردبوونه‌وه‌یانه؟! خه‌ڵكى كوردستان ئیتر باش له‌وه تێگه‌یشتووه كه ئه‌وه له لێدوانى میدیایى بترازێ، هیچى تر نییه، بۆیه هیچ متمانه‌یه‌كى به‌و قسانه نه‌ماوه.
ده‌رباره‌ى بابه‌تى ده‌روازه سنوورییه‌كان و به‌رده‌وامیى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش، دزه‌یى دووپاتى كرده‌وه كه به‌پێى مادده‌ى (114)ى ده‌ستوورى عێراق، به‌ڕێوه‌بردنى ده‌روازه سنوورییه‌كان به ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فیدراڵ نییه، به‌ڵكوو به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ڕێوه ده‌برێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌میشه ڕامانگه‌یاندووه كه حكوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه.
هه‌رچى داخستنى فڕۆكه‌خانه‌كانیشه، ئه‌وه سزادانى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستانه، سزادانى ئه‌و نه‌خۆش و پێشمه‌رگانه‌یه كه له كاتى به‌رگرى له هه‌رێمى كوردستان و له عێراق له شه‌ڕى دژى داعشدا بریندار بوون و پێویستییان به چاره‌سه‌ره له ده‌ره‌وه‌ى وڵات. سه‌فه‌ركردن له ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌كانى به‌غدا، یان شاره‌كانى دیكه‌ى عیراقه‌وه هێنده ئاسان نییه وه‌ك عه‌بادى باسى ده‌كات، هه‌م تێچووى سه‌فه‌ر له‌سه‌ر هاووڵاتیان زیاد ده‌كات، هه‌م كاتێكى زۆریان ده‌گرێت. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچى هاووڵاتییه‌كى به‌غدا، یان نه‌جه‌ف، یان به‌سرا مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه له شاره‌كه‌ى خۆیه‌وه ڕاسته‌وخۆ سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ى وڵات بكات، به‌ڵام هاووڵاتییه‌كى هه‌رێم ئه‌و مافه‌ى نییه؟! ئه‌مه كوێى هاووڵاتیبوونه؟!!
ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و كێشه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش كه عه‌بادى باسى كردووه، دزه‌یى گوتى: كاتى ئه‌وه‌مان نییه باسى ئه‌و هه‌موو كێشه و كه‌موكوڕیانه بكه‌ین كه هه‌ر له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌كه‌ى به‌ڕێز عه‌بادییه‌وه به‌رۆكى حكوومه‌ته‌كه‌ى گرتوون، ئه‌مه بابه‌تى ئێمه نییه و هیچ سوودێكیشى بۆ ئه‌م دۆخه نییه. ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش، ئه‌وه شه‌رعییه‌تى له په‌رله‌مان و گه‌لى كوردستان وه‌رگرتووه و هیچ پێویستییه‌كى به شه‌رعیه‌تپێدانى خه‌ڵكى دیكه نییه، به شێوه‌یه‌كى یاساییش به دوو خولى ته‌شریعى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌یه‌كى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه.
دزه‌یى دووپاتيكرده‌وه، هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه رایگه‌یاندووه، راستگۆیانه و به نیازپاكییه‌وه داواى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه وه‌ڵام ناداته‌وه و ته‌نیا له رێگه‌ى میدیا و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌وه ـ بۆ پڕۆپاگه‌نده، نه‌ك بۆ چاره‌سه‌ر ـ به‌رده‌وام باسى چاره‌سه‌ر و لێكگه‌یشتن و ده‌ستوور و هاووڵاتیبوون و ئه‌و ده‌سته‌واژانه ده‌كات، عه‌بادییه، ئه‌مه‌ش به‌دڵنیاییه‌وه هیچ خزمه‌تێك به دۆخه‌كه ناكات و نابێته هۆى چاره‌سه‌رێكى جددى بۆ كێشه‌كان، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆى به‌رده‌وامیى ناسه‌قامگیرى.