نەخۆشەكان بە میوزیك چارەسەر دەكرێن

میوزیك نیگەرانییەكانیان دەڕەوێنێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دەگوترێت میوزیك رۆحی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە. ئێستاش لە نەخۆشخانەیەك لە ئوستراڵیا میوزیك بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی مێشك بەکاردێت. لەو کۆرسە چارەسەرییەدا میوزیکی ئەفریقی و ئامێری تەپڵ سوودی لێ وەردەگیرێت و هەفتانە نەخۆشەکان لە رێی میوزیكەوە ماندویەتی و نیگەرانییەکان لە خۆیان دووردەکەنەوە.

بۆ نەخۆشخانەیەكی ئاسایی ئەو دەنگی دەپڵ دەنگێكی بێزاركەرە بۆ نەخۆشەكان، بەڵام رۆڵی تەپڵ لەو نەخۆشخانەیە چارەسەرەکارییە. لەو نەخۆشخانەیە لە ئەدلێیدی پایتەختی هەرێمی ئوستراڵیای باشوور ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشیی دەروونی و مێشکییەکانەوە دەناڵێنن، لە رێگەی ئەو چالاکییەوە پشوویەك بە مێشکیان دەدەن.

بۆرتیێر ئۆکۆ، یەكێكە لە كەسانەی لە نەخۆشخانەكە میوزیك دەژەنێت ئەو دەڵێ: "ئەمە بۆ روح و بۆ مێشك و بۆ هەر بەشێکی جەستەی مرۆڤ باشە."

ھەروەھا میوزیكژەنێكی دیكە دەڵێت: "ئەمە دەرفەتێکە بۆئەوەی نەخۆشەکانیش پەیوەندی بەیەکەوە بکەن و چالاکییەکی خۆشیان هەبێت کە بەهۆیەوە بتوانن خۆیان دەرببڕن و فشار و پەشۆکاوییان کەم بکەنەوە".

ئەو چالاکییە بەشێکە لە پرۆگرامێك، بەناوی مۆزیکژەنی ناو نەخۆشخانە کە لەلایەن وەزارەتی تەندرووستی ئەو وڵاتەوە پشتیوانی لێدەکرێت و لەلایەن دامەزراوەی لێکۆلێنەوەی نەخۆشخانەکانەوە پێشنیار کراوە.

ھ.م