ئەڵمانیا مۆڵەت لە کۆمپانیاییەکی هێڵی ئاسمانیی ئێرانی وەردەگرێتەوە

هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت

K24- هەولێر:

وەزارەتی رێگاوبانی حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هێڵی ئاسمانیی ماهانی ئێرانی دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە 21/01/2019، وتەبێژی حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی بۆ یۆرۆنیوز رایگەیاند: "ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی ئاڵمانیا باس دەکرێت".

کۆبوونەوەی  شاندی حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا لە رۆژی چوارشەممە 23-01-2019 دەست پێدەکات و ئەگەری ئەوە هەیە، قەدەغەکردنی گەشتی ئاسمانیی ماهان لە رۆژی پێنج شەممە یان هەینی جێبەجێ بکرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی نزیک لە حکوومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە: "حکوومەت مۆڵەتی ئەو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییەی هەڵوەشاندووەتەوە".

هەر بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەو هێڵە ئاسمانییەی بۆ "کێشەی تەکنیکی" و هەروەها ئەگەری بەکارهێنانی بۆ" ئامانجی سەربازیی" گەڕاندووەتەوە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڕۆکەوانی ماهان لە وەڵامی یۆرۆنیوز لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی گەشتی ئاسمانیی لە ئەڵمانیا گووتی: "زانیاریمان لە سەر ئەم بڕیارە نییە و دەبێت لە لایەن دەستەی فڕۆکەوانی ئەڵمانی ئاگادار بکرێینەوە".

پێشتریش رۆژنامەی "بیڵدی" ئەڵمانی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە حکوومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکردبوو، مۆڵەتی کۆمپانیای ماهان بەم نزیکانە هەڵوەدەشێندرێتەوە.

بۆ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەم هەواڵە دڵخۆشکەرە و لە تویتێکدا دەڵێت: "پێشوازی لە بڕیاری حکوومەتی ئەڵمانیا دەکەین چونکە ئەو هێڵە ئاسمانییە چەک و چەکدار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازێتەوە".