سەرۆکی چیچان نەیارانی رووسیا بە هیتلەر دەترسێنێ

"ئەوەی تۆزێک لە مێژوو بزانێ بیر لە هێرشکردنە سەر مۆسکۆ ناکاتەوە"

K24 - هه‌ولێر:

رەمەزان قادیرۆف، سەرۆکی چیچان، هۆشداری دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا لە ئەگەری هێرشکردنە سەر رووسیا و بە چارەنووسی ئەدۆڵف هیتلەر دەیانترسێنێ.

لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام، قایدرۆف نوسیوویەتی: "ئەوە راستە لە کاتی جەنگ ئەڵمانییەکان نزیکبوونەوە لە مۆسکۆ، لینینگراد و ستالینگراد، بەڵام هیتلەر رووسی نەدەزانی و شارەزای مێژووی رووسیا نەبوو. ئەگەر نا جارێکی دیکە بیری دەکردەوە و ئەو رێگەیەی نە دەگرت کە پێش ئەو فەرەنسا، سوید و پۆڵندییەکان گرتیانەبەر. ئەویش وەک هەموو ئەو داگیرکارانە بەجۆرێکی ناخۆش مرد".

هەر لە نووسینەکەی سەرۆکی چیچاندا هاتووە: "هیتلەر هیچی دەربارەی مێژوو نەدەزانی، بەڵام ئەو سیاسیانەی ئێستا هەڕەشەمان لێدەکەن پێویستە مێژوو بخوێننەوە تاکو هەڵەی باو و باپیرانییان دووبارە نەکەنەوە. دەنا ناویان دەچێتە لیستی ئەوانەی شمشێریان دژی رووسیا بەرزکردەوە و بەو شمشێرەش مردن".

پەیامەکەی قادیرۆف هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشی نازییەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1941 و زیادبوونی هەڕەشەکانی ئەم سەردەمەی سەر رووسیا.

سەرۆکی چیچان یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و چەند جارێک بۆ بەرگریکردن لە رووسیا هەڕەشەی لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردووە.