ڤیدیۆ.. له كۆنگره‌ی شاسوار عه‌بدولواحید له كه‌ركووك بوو به شه‌ڕه ته‌قه و برینداریش هه‌ن
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كه‌ركووك رایگه‌یاند، له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌یه‌كی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدواحید، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له شاری كه‌ركووك، شه‌ڕه ته‌قه روویدا و چه‌ند كه‌سێكیش بریندار بوون.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆنگره‌كه له هۆڵی چیمه‌نی سه‌ر ڕێگای سلێمانی له شاری كه‌ركووك به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام كۆتایی كۆنگره‌كه به‌شه‌ڕێكی گه‌وره و برینداربوونی چه‌ندین كه‌سێك ته‌واو بوو.
وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه بۆ غه‌د پرێسی دووپاتكرده‌وه، "دوای ئه‌وه‌ی شاسوار گوتاره‌كه‌ی ته‌واو كرد و به‌نیازی مشتومڕی بوو له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر، شه‌ڕه شه‌ق و كورسی له‌نێوان لایه‌نگرانی شاسوار و ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ستی پێكرد و، چه‌كیش تێیدا به‌كارهات و هێرش كرایه سه‌ر شاسوار"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ژماره‌ی برینداره‌كان و هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕه‌كه بكات.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، "هێزه‌كانی پۆلیس گه‌یشتنه هۆڵی كۆنگره‌كه و كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌یان كرد".
دوای ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌مه دووه‌م جاره هه‌واڵی شه‌ڕی لایه‌نگرانی شاسوار عه‌بدولواحید بڵاوده‌بێته‌وه، پێشتریش له 15ی ئه‌م مانگه یه‌كه‌م رۆژی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی شاسوار عه‌بدولواحید له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، شه‌ڕ و پێكدادان روویدا و چه‌ندین كه‌س بریندار بوون.
H.B