یەكێتی رۆژی كاراكردنەوەی پەرلەمان دیار دەكات

"جیابوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەعێراق بەلای یەکێتییەوە جێگای داخە"

K24 - سلێمانی

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوای كۆتاییھاتن بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ھاتووە: " کۆبونەوە جەختی کردەوە، کە یەکێتی پێی پەسەندە کە بەھەوڵی ھەموولایەک ئامادەکاریەکی سیاسی گونجاو، پەرلەمانی کوردستان تا (10/8/2017) ئاسایی بکرێتەوەو چیکە کات بە فیرۆ نەدرێ".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی یەكێتی ھاتووە: "بڕیاردرا شاندێك پێکھێنرا بە سەرۆکایەتی ھەڤاڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی و ئەندامێتی عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا،  شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عەدنانی حەمەی مینا، فەرید ئەسەسەرد، خالید شوانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر وەڵامەکەی پارتی بۆ نەخشە رێگاکەی یەکێتی".

دەقی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (27/7/2017) بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ کۆسرەت رەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسلێمانی بەرێوەچوو.

لەکۆبونەوەکەدا دۆخی کوردستان، عیراق، ناوچەکە، ئەرکەکانی ریفراندۆمء نەخشەرێگای یەکێتی بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوە کراء سەردانء کۆبونەوەی وەفدی یەکێتی بۆ ئێرانء لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، ھەڵسەنگێندرا.

سەرەنجام لەکۆبونەوەکەدا ئەم بڕیارانە پەسندکران:

یەکەم: وەفدێک پێکھێنرا بەسەرۆکایەتی ھەڤاڵ مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیء ئەندامێتی عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدولڵا،  شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عەدنانی حەمەی مینا، فەرید ئەسەسەرد، خالید شوانی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر وەڵامەکەی پارتی بۆ نەخشە رێگاکەی یەکێتی.

دووەم: کۆبونەوە جەختی کردەوە، کە یەکێتی پێی پەسەندە کە بەھەوڵی ھەموولایەک ء ئامادەکاریەکی سیاسی گونجاو، پەرلەمانی کوردستان تا (10/8/2017) ئاسایی بکرێتەوەو چیکە کات بە فیرۆ نەدرێ.

سێ یەم: جیابوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەعێراق، بەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە جێگای داخە، کۆبونەوە ھیوای خواست ھەنگاوی چارەسەر بەسەر ھەنگاوی قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکاندا زاڵ بکرێت، یەکێتی بۆ ھاوکاری کردنی چارەسەری کێشەکانیان ئامادەیە.

چوارەم: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەباشی دەزانێت کۆبونەوەی ھەموو حزبە کوردستانیەکان، کە پێکەوە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان داوە، ئەنجام بدرێت، بۆ تاوتوێ کردنی ھەوڵەکانی ریفراندۆمء کاردانەوەکان، لەجیھانء ناوچەکەء ناو کوردستان، بەرامبەر بە ریفراندۆم.

پێنجەم: شەمەی داھاتوو (29/7/2017) کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کۆی ئەو بابەتانەو دوابڕیاردان لەسەریان، دەکرێت.