ئەڵمانیا وادەی قەدەغەی هاتووچۆ درێژ دەکاتەوە

رێکارەکان تووندتر دەکات

K24-  هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، بەرلین تا 20 مانگی داهاتوو، وادەی قەدەغەی هاتووچۆ و تووندکردنی رێکارەکان درێژ دەکاتەوە.

لە دووی ئەم مانگە، بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا، ئەڵمانیا چەند رێکارێکی نوێی راگەیاند و لە هەندێک ناوچە قەدەغەی هاتووچۆی ئاسایی راگەیەندرا.

لە ئێستادا، باڕ و چێشتخانەکان داخراون، بەڵام بازاڕ و قوتابخانەکان کراوەن، نابێت هیچ کۆبوونەوەیەکی هاووڵاتیانیش لە 10 کەس زیاتر بێت، ئەگەر هەیە ئەم ژمارە بۆ پێنج کەس کەمبکرێتەوە.

رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئەڵمانیا نیازی هەیە رێکارەکان تووندتر بکات و بەم نزیکانە رێکارە نوێکان رادەگەیەنرێت.

لە ئەڵمانیا 932 هەزار حاڵەتی کۆرۆنا تۆمار کراوە و 14 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.