سبەی کۆبوونەوەیەکی چارەنووساز لەبارەی چوونی هازارد بۆ ریال مەدرید دەکرێت

باوکی هازارد و نوێنەرێکی ریال مەدرید کۆدەبنەوە

سبەی ریال مەدرید و باوکی ئێدین هازارد کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی چوونی هازارد بۆ ریال مەدرید دەدەن.
جیانلۆکا دی مارزیۆی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتالی و تایبەتمەندی هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، لە تویتەری فەرمی خۆی ئاشکرایکردووە، سبەی شەممە نوێنەری ریال مەدرید و باوکی ئێدین هازارد کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری کارەکانی هازاردیشە کۆدەبنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی گواستنەوەی هازارد بۆ ریزەکانی مێرێنگی دەدەن.
ریال مەدرید ئامادەیە ئۆفەرێک بەبڕی 125 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی چێڵسی بکات لەپێناوی کڕینی هازارد، بەڵام بلووز ئامادە نییە بە کەمتر لە 190 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری هازارد بێت. لە کاتێکدا بەگوێرەی دەنگۆکانی میدیاکانی بەریتانیا هازارد لەسەر بەندە کەسییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید رێککەوتووە و لە ریال مووچەی ساڵانەی 13 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەڵام تاکو ئێستا یانە مەدریدییەکە هیچ ئۆفەرێکی پێشکەشی چێڵسی نەکردووە.
دوای ئەوەی لە مۆندیالی 2018 ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و پلەی سێیەمی لەگەڵ بەلجیکا بەدەستهێنا، هازارد رایگەیاند دوای بەسەربردنی شەش ساڵ لە چێڵسی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەزموونێکی دیکە تاقیبکەمەوە.