ئێکسۆن مۆبیل زیانی وەرزی تۆماردەکات

داهاتی ئێکسۆن مۆبیل 12% داکەوتن تۆماردەکات

K24 - ھەولێر

کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ زیان تۆماردەکات و بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە داهاتی کەمبوونەوەی بەرچاو تۆماردەکات.

بە بەهای 610 ملیۆن دۆلار و 14 سەنت بۆ هەر پشكێک کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئادار زیانی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو 2 ملیار 350 ملیۆن دۆلاری قازانجی تۆمارکردبوو.

بەمەش داهاتی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 12% بۆ 56 ملیار و 16 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە.

دارین ود، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە پلانیدا نییە بەشی قازانجی خاوەن پشکەکانی کەمبکاتەوە. لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی گەورە کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی وزە و ئاستی کۆمپانیاکەیان، کە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە خواستی جیهانی بۆ نەوت دابەزیوە.