ژمارەیەك ناوچەی ئازادی بازرگانی لەرۆژھەڵاتی كوردستان دادەمەزرێن

"نەخشەی ناوچە ئازادە بازرگانییەكان لە لیژنەی ئابووری پەرلەمان پەسەند كراوە"

K24 - ھەولێر

نوێنەری خەڵكی مەریوان لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاند، حكوومەتی ئێران بەڵێنی پێداون كە لەزووترین كاتدا ژمارەیەك ناوچەی ئازادی بازرگانی دابنێن، كە ھەندێكیان لە رۆژھەڵاتی كوردستانن.

مەنسوور مورادی، نوێنەری خەڵكی مەریوان لە پەرلەمانی ئێران، بە ئاژانسە جۆجێییەكانی راگەیاندووە، كە نەخشەی ناوچە ئازادە بازرگانییەكانی ئێران لە لیژنەی ئابووری پەرلەمان پەسەند كراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئیسحاق جەھانگیری، جێگری یەكەمی سەرۆك كۆماری ئێرانیش بەڵێنی پێداون، لە ماوەیەكی نزیكدا ژمارەیەك ناوچەی ئازادی بازرگانی لەسەر سنوورەكانی ئێران دروستبكرێن.

 بەگوتەی مورادی بەشێك لەو ناوچانە لە پارێزگای ورمێ و سنە و كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەڵكەوتوون.