دەست بە دابەشكردنی مووچەی بێ پاشەكەوت دەكرێت

وەزارەتی دارایی ئامادەكاری دەكات

K24 - ھەولێر

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "ھەرچەندە ئەمڕۆ پشووە و دەوامی فەرمی نییە، بەڵام وەزیر و ستافی وەزارەتی دارایی، كە پەیوەندیدارن بە دابەشكردنی مووچە، لە دەوامن و سەرقاڵی ئامادەكارین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ گەنجینەكان لیستی مووچەی دامودەزگاكان ئامادە بكەن و دەست بە دابەشكردنی مووچەی بێ پاشەكەوت بكەن".

گوتیشی: "سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2018 بێ پاشەكەوت وەردەگرێت، ھەروەھا دەبێ لە ماوەی دوو رۆژدا ھەموو وەزارەتەكان لیستی مووچە بگەیەننە وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوەى لە ماوەیەكی نزیكدا مووچەكانیان وەربگرن".

لەبارەی كاریگەریی دابەشكردنی مووچە  لەسەر بازاڕ، پەیامنێرمان گوتیشی: "بە بڕیارێك لە دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، ھەموو پارێزگاكان ئاگادار دەكرێنەوە، كە رێگریی بكرێت لە بەرزبوونەوەی نرخى كەلوپەل و خانووبەرە".

دوای سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و چه‌سپاندنی بڕی 522 ملیار دینار له‌ بوودجه‌ی عێراقدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، رۆژی 8/3/2019، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری هه‌ڵگرتنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی دا.

ھ.م