ئێران کڕیارێکی دیکەی نەوتی دۆزیەوە

وڵاتێکی دیکە نەوتی ئێران هاوردە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بانکی ناوەندی ئێران بڵاویکردەوە، ژاپۆن دەستیکردووە بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران.

ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی لەلایەن ئەمەریکاوە بەشێوەیەکی کاتی بەخشراوە لە سزاکانی سەر ئێران، بەڵام ئەو وڵاتە بەهۆی سزاکان، کڕینی نەوتی لە ئێران راگرتبوو.

عبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بە ئاژانسی ئیرنای گوتووە: "دوای چین، کۆریای باشوور، هیندستان و تورکیا، وڵاتی ژاپۆن دەستیکرد بە هاوردەکردنی نەوتی ئێران".

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ئەمەریکا چەند وڵاتێکی لە سزاکانی سەر ئێران بۆ ماوەی 180 رۆژ بەخشی و هەریەکیش لە ژاپۆن، چین، هیندستان، کۆریای باشوور، تایوان، یۆنان، عێراق و تورکیا لەو بڕیارە سوودمەند بوون.

لە ئایاری ساڵی 2018ەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێرانی داوە و لەوکاتەوە، ئابووری ئێران خراپتر بووە و بەهای توومەن بەشێوەیەکی بەرچاوە دابەزیوە.

Hurryiet Daily News

H.J