نێچیرڤان بارزانی: قسه له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم ناكه‌م
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی بڕیاری ناده‌ستووریبوونی ریفراندۆم له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقوه وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌و گووتی: "هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونه‌و پێشتر گوتوومانه ئه‌گه‌ر ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێبكرێت، ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ عێراق نامێنێ، به‌ڵام ده‌بێت هه‌موو به‌نده‌كانی جێبه‌جێ بكرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌غدا چه‌ند به‌ندێكی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرایه، كورد كێشه‌ی نه‌بوو، ئێستاش داوای ئێمه ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی عێراق هه‌موو به‌نده‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات و پێویستمان به لایه‌نی سێیه‌مه تا زه‌مانه‌تی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور بكه‌ن وه‌ك پاكێجێك نه‌ك چه‌ند بڕگه‌یه‌كی هه‌ڵبژێردرێ و ئه‌وانی دیكه‌ی به‌لاوه بنرێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستوور جێبه‌جێكرا، ئه‌وكاته كێشه‌كانی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بن".
سه‌رۆكی حكومه‌تی گووتی: "ئه‌گه‌ر به‌غدا ریزی له ده‌ستووری عێراق گرتبایه و جێبه‌جێی بكردایه، هیچ كێشه‌یه‌كمان نه‌ده‌بوو، من باسی هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم ناكه‌م، ته‌نها رێزمان له راڤه‌كردنه‌كه‌ی دادگای فیدرالی گرتووه، لای ئیمه ئاینده و سه‌قامگیری ئه‌م وڵاته گرنگه و ده‌بێت دانیشین له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستووره كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چونكه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كێه لاوازه و كێ به‌هێزه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێت".
هه‌روه‌ها گووتی: "بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ناتوانرێت ته‌میز بكرێته‌وه، به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵی تاكلایه‌نه و بێ ئاماده‌بوونی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ناده‌ستووریی بوونی ریفراندۆمی ده‌ركردووه".
نێچیرڤان بارزانی گووتی: "هه‌فته‌ی پێشوو نامه‌یه‌كی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانم پێگه‌یشت و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر دانووستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كردووه‌ته‌وه‌و له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌شماندا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌هه‌مان شێوه قسه‌مان له‌سه‌ر گفتوگۆی نێوان هه‌وڵێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كردووه. هه‌ڵوێستی ئێمه روونه و هه‌ر كاتێك به‌غدا ئاماده بێت ئێمه ئاماده‌ین به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
له‌باره‌ی داواكاری چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌ریمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كاتی، نیچیرڤان بارزانی گووتی: "ئێمه نازانین چ شتێك هه‌یه به حكومه‌تی كاتی ده‌كرێت و به‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا ناكرێت كه خۆیشی وه‌ك كاتی وایه و تا هه‌ڵبژاردنی داهاتووه، كار بۆ دیاریكردنی كاتێك بۆ ئه‌نجامدانی هةڵبژاردن ده‌كه‌ین، هه‌لبژاردنی داهاتووش چاره‌سه‌ری زۆربه‌ی كیشه‌كان ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له حكومه‌تیش به‌شدارن بیانه‌وێت وه‌زیره‌كانیان بگۆڕن ده‌كرێت قسه‌ی له‌باره‌وه بكرێت.
ده‌رباره‌ی پرۆژه یاسای بوودجه‌ی عێراقیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه "له‌و ره‌شنووسه‌دا زولمێكی زۆر له خه‌ڵكی كوردستان كراوه".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دانانی پارێزگاری كه‌ركووكیش گووتی: "ئێمه هیچ رۆڵێكمان له دانانی پارێزگای كه‌ركووك نابێت".