"نێچیرڤان بارزانی و سه‌در كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ ئه‌نجام ده‌ده‌ن"
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته پارێزگای نه‌جه‌ف و بڕیاره له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و پاڵپشتی هاوپه‌یمانی سائیروون كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ ئه‌نجام بده‌ن و بڕیاره له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆككۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق گفتوگۆ بكه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی له فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف له‌لایه‌ن لوئه‌ی یاسری پارێزگاری شاره‌كه و نوێنه‌ری موقته‌دا سه‌در پێشوازی لێكراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری ناو ره‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 23/9/2018 رایگه‌یاند: "موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دیدارێكی گرنگی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی ده‌بێت له باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی له ناوچه‌ی حانه‌ی پارێزگای نه‌جه‌ف".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "دیداره‌كه گرنگ و مێژوویییه" به‌ڵام هیچ ورده‌كارییه‌كی دیكه‌ی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی دیداره‌كه باس نه‌كردووه.
تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك به‌رده‌ست نییه ئایا ته‌نها بۆ دیداری موقته‌دا سه‌در چووه‌ته نه‌جه‌ف، یان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانیش دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی ده‌بێت.
ئێواره‌ی دوێنێ پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه سه‌ردانی شاری هه‌ولێری كردبوو، نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی و ھێزه سیاسییه‌كانی عێراق و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه.
سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی لای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نیگه‌رانی لێكه‌وته‌وه‌و له راگه‌یێنراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردبوو كه پارتی به‌ته‌نها چووه‌ته به‌غدا و ئه‌وانیش له زووترین كاتدا ده‌ست به راییكردنی كاره سیاسی و یاساییه‌كانی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كه‌ن.
سه‌ردانه‌كه‌ی نێچرڤان بارزانی بۆ نه‌جه‌ف پێش دوو رۆژه له‌و واده‌یه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری عێراق دیاریكردووه كه بڕیاره رۆژی 25/9/2018 به‌ڕێوه‌بچێت.