"بەغدا سزای خۆی دەدات"

بەغدا کێشەکانی لەگەڵ هەولێر قوڵتر دەکاتەوە
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی لە واشنتن لەو بڕوایەدان كە مامەڵەكردنی ئێستای عێراق بەرامبەر ھەرێمی كوردستان سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانە و بەغدا بەم رەفتارانە كێشەكان زیاتر قوڵدەكاتەوە، سیاسەتمەدارێكی ئەمریكیش پێی وایە، بەغدا بەم كارانەی كورد سزا نادات، بەڵكو دواجار بە زیان بۆ خۆی تەواو دەبێت.

ئەمريکيیەکان هەميشە لە گوتار و لێدوانەکانيان هەرێمی کوردستان بە هاوپەيمانێکی بەهێز وەسف دەکەن ودەيانەوێ ئەم هەرێمە لە عيراقێکی فيدڕاڵدا پێگەی بەهێزی خۆی هەبێ، هەرلەم سۆنگەيەوە چەندين پەياميشيان ئاراستەی بەغدا کردووە، کەچی بەغدا بەردەوامە لەسەر سزادانی خەڵکی کوردستان.

پڕۆفيسۆر جين سێزنێك، سياسەتوان و مامۆستای کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆن هۆپکينز لە واشنتۆن بە كوردستان24 راگەیاند: "پێم وايە عێراق لەبەر ريفراندۆم سزای هەرێمی کوردستان دەدات، ئێمە تێدەگەين کە عێراقێکی يەکگرتوويان دەوێ، بەڵام بەغدا دەبێ ئەوە بزانێت تۆ بەسزادانی هەرێمی کوردستان سزای خۆت دەدەیت".

هەڵوێستەكانی بەغدا دژی ھەرێمی كوردستان، بۆتە هۆی ئەوەی کورد ئێستا بير لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكاتەوە، ئەمەش بەلای ئەمريکيیەکان بۆشايەکی گەورە دروست دەبێت و لە داھاتوودا کێشەی جۆراجۆر لە ناوچەکە سەر ھەڵدەدات.

ئێرين بانکۆ، رۆژنامەنووسی لێکۆڵەر و شارەزا لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لەماوەی رابردوو کە لە هەرێمی کوردستان بووم بەردەوام گوێم لەخەڵك دەبوو، کە چەندە زەحمەتی دەکێشن لەبواری ئابووريەوە، نە مووچە هەيە و نە کار، بێگومان راست دەکەن، ئەمە هەمووی بەهۆی جيددی نەبوون لە گفتوگۆ و کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمە لە بەغدا ھاتووەتە ئاراوە".

ھ.م