وەزیری نەوتی عێراق لەسەر کشانەوەی ئێکسۆن مۆبیل هاتە دەنگ

"قبووڵنەکراوە"

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری نەوتی عێراق گواستنەوەی کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی، ئێکسۆن مۆبیل، بە "قبووڵنەکراو و بێ بەهانە" دەزانێت.

لە لێدوانێکدا، سامر خەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گواستنەوەی کارمەندانی ئێکسۆن مۆبیل رایگەیاند: "کشانەوەی چەند کارمەندێک، ئەگەرچی ژمارەیان کەم بوو، کاتییە و پەیوەندی بە دۆخی ئەمنییەوە نییە، بەڵکو هۆکاری سیاسی لە پشتەوەیە".

راشیگەیاند: "کشانەوەی ئەو کارمەندانە قبووڵنەکراو و بەبێ بەهانەیە".

بڕیاربوو ئێکسۆن مۆبیل پڕۆژەی گەورە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق ئەنجام بدات، بەڵام لە بڕیارێکی بەپەلەدا، تەواوی کارمەندە بیانییەکانی کە نزیکەی 60 کارمەند دەبوون کشاندەوە، هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ناسەقامگیری عێراق گەڕاندەوە.

پێش ئێکسۆن مۆبیل، ئەمەریکا بەشێکی کارمەندەکانی لە باڵیۆزخانەکانی لە بەغدا کشاندەوە و هۆشداریشی لەبارەی گەشتکردنی هاووڵاتیانی بۆ عێراق بڵاوکردەوە.

Reuters

H.J