خووە سەیروسەمەرەکانی ئەستێرە و راهێنەرەکانی مۆندیالی 2018

ماریۆ گۆمێز تاکو نەچێتە WCی دەستە چەپ یاریی ناکات

لۆران بلانی بەرگریکاری پێشووی فڕەنسا لە مۆندیالی 1998 پێش هەموو یارییەک سەرە کەچەڵەکەی فابیان بارتێزی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەی ماچ دەکرد، پێیوابوو ئەم کارەی بەختێکی باشی بۆ دەهێنێت و تاکو یاریی کۆتایی بلان و بارتێز لەسەر ئەم خووەیان بەردەوام بوون تاکو نازناوی مۆندیالەکەیان بەدەستهێنا.
ماریۆ کێمبسی هێرشبەری بەنابوناگی ئارجێنتنیشی دوای ئەوەی ئاستی خراپ بوو، مینۆتی راهێنەری ئەوکاتی ئارجێنتینا داوای لێکرد سمێڵی بتاشێت، دوای سمێڵتاشینەکەی کێمبس لە مۆندیالی 1978 بووە پاڵەوانی مۆندیال و بە تۆمارکردنی شەش گۆڵ خەڵاتی گۆڵکاری مۆندیالەکەی بەدەستهێنا.

لە مۆندیالی 2018 خووە سەیروسەمەرەکانی ئەستێرەکان بەردەوامە، ماریۆ گۆمێزی هێرشبەری ئەڵمانیا پێش هەموو یارییەکی هەڵبژاردەکەی دەبێت بچێتە دەبلیو سی دەستە چەپ، پێیوایە ئەم خووەی لە یارییەکاندا دەبێتە خێروبەرەکەت بۆی، جولیان دراکسلێری ئەڵمانیش پێش دەستپێکردنی هەموو یارییەک بۆنێکی زۆر لەخۆی دەدات و پێیوایە بەکارهێنانی بۆنی خۆش وادەکات لە یارییەکان ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.

دێلی ئالی هێرشبەری ئینگڵاندیش لە ژێر گۆرەوییەکانی پارێزبەندی منداڵان بەکار دەهێنێت و پێیوایە پارێزبەند (کەسارەی) منداڵان هەم قاچی دەپارێزێت و هەمیش بەختێکی باشی بۆ دەهێنێت،
ئێرک دایەری بەرگریکاری ئینگڵاندیش لە کاتی ئەنجامدانی هەموو یارییەک بەستەرێکی پزیشکی لە رانی چەپی دەبەستێت و ئەویش خووی بەمەوە گرتووە.

هێرڤی رێناردی راهێنەری فڕەنسی هەڵبژاردە مەغریب، لە کاتی ئەنجامی یارییەکان جگە لە کراسی سپی هیچ رەنگێکی دیکە لەبار ناکات، چونکە پێیوایە رەنگی سپی بەختی باشی بۆ دەهێنێت، بەڵام مەغریب لە دوو یاریی یەکەمی بەرامبەر ئێران و پۆرتوگال تووشی شکست بوو و ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2018 کرد.