ھەواڵگری عێراق پێشمەرگەیەكی لە كەركووك شەھیدكرد

فەرماندەیەكی پێشمەرگە زانیاری لەبارەی شەھیدكردنی دەخاتەڕوو

ھەولێر

شەوی رابردوو لە گەڕەكی كوردستانی شاری كەركووك پێشمەرگەیەك لەلایەن كارمەندێكی دەزگای ھاواڵگری عێراق شەھیدكرا.

سەركەوت چیمەنی، فەرماندەی لیوای 114 ھێزی پێشمەرگە بە كوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو پێشمەرگەیەكی لیواكەمان بەناوی ھەردی، لە گەڕەكی كوردستانی شاری كەركووك شەھیدكرا. دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە بكوژەكەی كارمەندێكی دەزگای ھەواڵگری عێراقە".

گوتیشی: "دوای ئاشكرا بوونی ئەو كارمەندەی ھەواڵگری عێراق خۆی رادەستی دەزگاكەی خۆی كردووە".

ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەكە بەردەوامە بۆ ئەوەی ھۆكاری شەھیدكردنی ئەو پێشمەرگەیە ئاشكرا بكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە دوای 16 ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبی، باری ئەمنی شارەكە تێكچووە و گرتن و كوشتن لە كەركووك دەستیپێكردووە. تائێستا ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و دەوروبەری شەھیدكراون.

H.M