"به‌غدا نه پاره‌ی فڕۆكه‌كانی ده‌دات و نه فڕۆكه‌خانه‌كانیش ده‌كاته‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
به‌پێی لێدوانێكی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هەرێمی کوردستان ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌كان كاریان ده‌كرد زیانی زۆرییان پێگه‌یشتووه.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان له‌وباریه‌وه ده‌ڵێت: "هیچ پێشڤه‌چوونێك له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی له ئارادا نییه و چاوه‌ڕوانی گفتوگۆكانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌كه، كه له زیاتر له دوو مانگه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه راگیراون.
له‌وباره‌یه‌وه ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان، به ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی گوتی: "له 29ی سێپته‌مبه‌ره‌وه گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی راگیراوه و تا ئێستا هیچ وتوێژێك له‌وباره‌یه‌وه نییه، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌كان، ئێمه ئاماده‌ی دانیشتن و گفتوگۆین. به‌ڵام ئه‌وان هیچ وه‌ڵامێكی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، ئێمه پێش ئه‌و به‌رواره‌ش نووسراومان ناردووه بۆ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراقی فیدڕاڵ و بۆ ئه‌میندارێتی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی عێراقیش، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵیش باسكراوه، به‌تایبه‌ت كه له‌لایه‌ن دوو وه‌زیری كورده‌وه له‌گه‌ڵحه‌یده‌ر عه‌بادی باسیان كردووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له پاش داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ئێمه له نووسراوه‌كانماندا و له راگه‌یه‌نراوه‌كانماندا رامانگه‌یاندووه، ئێمه ئاماده‌ین له‌هه‌ر كوێیه‌ك و له هه‌ر كاتێكدا بێت له‌گه‌ڵ عێراق بۆ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه دابنیشین، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكیان به‌فه‌رمی نه‌داوه‌ته‌وه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له سه‌روبه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵیاندا وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق گوتی: بڕیاری راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه ده‌رچووه نه‌وه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی كردنه‌وه و ده‌ستپێكردنه‌وه یان هه‌ر شێوازێكی دیكه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانیشمان له‌م پرسه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، ئێستا تۆپه‌كه له مه‌یدانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه".
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا راگیراون، ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێم روونی ده‌كاته‌وه "گه‌شتێكی یه‌كجار زۆر راگیراون، هه‌فتانه به‌ته‌نها توركش ئێر لاین نزیكه‌ی 100 گه‌شتی هه‌بوو، شاهانه‌ی ئوردنی نزیكه‌ی 30 گه‌شتی هه‌بوو، زۆرینه‌ی هێڵه‌كانی قه‌ته‌ری، دوبه‌ی، لۆفتانزا و هی دیكه‌ش رۆژانه گه‌شتییان هه‌بووه".
سه‌باره‌ت به‌و زیانه‌شی له ئه‌نجامی ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی عێراق کەوتوونەتەوە، ئومێد محه‌مه‌د ساڵح رایده‌گه‌یه‌نێت "زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زۆره و كاتی خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانیش باسییان لێوه‌كردبوو كه زیانییان زۆره و به ژماره‌ی نزیكی ئاماژه‌یان بۆ كردبوو، نه‌وه‌ك ته‌نها فڕۆكه‌خانه زیانی پێگه‌یشتووه، به‌ڵكو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌رتی تایبه‌تیش كه له فڕۆكه‌خانه كارییان ده‌كرد زیانییان پێ گه‌یشتووه، بۆ نموونه كۆمپانیای ته‌كسی، كارگۆ، كۆمپانیای خزمه‌تگوزاریی ئه‌مانه زه‌ره‌ر و زیانێكی ماددی زۆریان كردووه".
ناوبراو له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه "كه حكوومه‌تی عێراق له‌وه‌ته‌ی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی دروستكراون بڕه پاره‌ی پێویستی له بری راگرتنی فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراقی به‌م دوو فڕۆكه‌خانه‌یه نه‌داوه و نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار له‌و رووه‌وه قه‌رزاری هه‌رێمه".
گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن به ئاژانسه توركییه‌كه‌ی گوتووه: "هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك له‌هه‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك داده‌به‌زێت، ده‌بێت بڕێك پاره بدات، ئەو بڕە پارەیە هه‌قی گه‌راجه، زه‌وییه‌كه‌یه، هه‌قی را‌گرتن و خاوێنكردنه‌وه‌یه و ئه‌وانه ده‌بێت بدرێت و به كاتژمێره، به‌ڵام تاكه هێڵ كه له‌وه‌تەی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی كراونه‌ته‌وه پاره‌ی نه‌داوه هێڵی عێراقییەیە، به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان "گوازه‌ره‌وه‌ی نیشتمانیین"، بۆیه پاره ناده‌ن، به‌ڵام به‌پێی یاسا ده‌بێت پاره‌كه بده‌ن، به پێشبینی ئێمه ئه‌و بڕه پاره‌یه له 30 ملیۆن دۆلار زیاتره".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت: "ده‌بوو هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه سكاڵای له‌سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ند تۆماركردبا، ده‌بوو له دادگاكانی عێراق به‌تایبه‌ت دادگه‌ی فیدڕاڵی ئێمه سكاڵا تۆماربكه‌ن، ویستمان كێشه‌كه به دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌هه‌موو دانیشتنێك له‌گه‌ڵ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق، باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌مان كردووه، به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌ر نه‌كرا".
له كۆتایی قسه‌كانیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له‌هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی په‌یوه‌ندیی به لایه‌نی سیاسییه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به بارودۆخی سیاسیی هه‌یه، بۆچی ئه‌و بڕیاره ساڵێك یان چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر نه‌درا، هه‌ر وتوێژێك له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ست پێبكات یه‌كێك له خاڵه سه‌ره‌كییه‌كان كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو فڕۆكه‌خانه‌یه دەبێت".
سه‌رچاوه: ئاژانسی ئه‌نادۆڵو