نێچیرڤان بارزانی: به‌غدا له‌ ناردنی مووچه‌ راستگۆنییه‌

"جەختمان لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان كردووەتەوە"

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "تێبینیەكانمان لەسەربودجەی عێراق بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ناردووە، جەختمان لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق كردووەتەوە بەپێی ئەو رێككەوتنەی پێشتر لەنێوانمان ھەبووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامان وەرنەگرتووەتەوە".

راشیگەیاند: "تا رادەیەك كێشە لە ناردنی دەرمانیش بۆ ھەرێمی كوردستان دروستبووە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "وەك ھەرێمی كوردستان دیالۆگ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بە چارەسەر دەزانین بۆ ئەو كێشانەی لە نێوانماندا ھەیە".

سەبارەت بە یاسای بودجە، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئەمە خراپترین رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقە، ئەو ئاماژەو دەستەواژانەی لەنێو ئەو یاسایە بەكارھاتوون، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی ھەرێمی كوردستانە".

ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئێستا وادەی چوونی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دیارنەكراوە، بەڵام خواستی ئێمە ئەوەیە كە دەبێت بە جیدی گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان بكەین". 

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی بەردەوامبوونی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "مووچەی ئەم مانگە و مانگێكی دیكەش دابەش دەكرێت، ئەم مانگە تەواوبێت دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی داھاتوو دەكەین".

سەبارەت بە دەنگۆی پێدانی بڕێك پارە لەلایەن كۆمپانیای رووسنەفت، سەرۆكی حكومەتی ھەرێم گوتی: "رووسنەفت ملیارێك دۆلاری پێنەداوین، بەڵكو بەپێی ئەو رێككەوتنامەی پێشتر لە نێوانماندا ھەبووە، ھەندێك پارەی بەپێی ئەو گرێبەستە بە ھەرێمی كوردستانداوە، بەڵام لەم ماوەیەدا ھیچ بڕە پارەیەكی دیكەی بە ھەرێمی كوردستان نەداوە".

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "بڕیارە لە داهاتوودا وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنە کوردستانییەکان بکەین، دوای سەردانی لایەنە سیاسییەکانیش وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکەین. ئاماژەی بەوەشدا، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکەن و کۆببنەوە".

ھەروەھا سەرۆكی حكومەتی ھەرێم، سوپاسی حکومەتی تورکیای بۆ رەوانەکردنی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردووی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو حکومەت و دەسەڵاتدارانی تورکیا راستەوخۆ پەیوەندییان پێوەکردووین و هاوکاریان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە رەوانەکردووە.